ڕۆژنامه‌ی AS: بێنیتێز به ته‌نیا ناڕوات
K24 ـ ژووری هه‌واڵ
دوای شكسته شكۆشكێنه‌كه‌ی یانه‌ی ڕیال مه‌درید له یاری كلاسیكۆ له به‌رانبه‌ر یانه‌ی به‌رشلۆنه، ڕۆژنامه‌كانی چاپی مه‌درید ڕه‌خنه‌بارانی سه‌رۆك و ڕاهێنه‌ری یانه‌ی ڕیال مه‌دریدیان كرد.
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه 22 تشرینی دووه‌م/ نۆڤه‌مبه‌ری 2015، ڕۆژنامه‌ی ASـی ئیسپانیای نزیك له یانه‌ی شاهانه، له چاپی ئه‌مڕۆیدا هێرشێكی توندی كرده سه‌ر فلۆرێنتینۆ پێرێز و به كه‌سێكی تاكڕه‌وی وه‌سف كرد، ئه‌وه‌یشی خستۆته ڕوو پێشتر پێرێز به ته‌نیا خۆی بڕیاری دوورخستنه‌وه‌ی ئه‌نچیلۆتی دا، له كاتێكدا هانده‌ران و یاریزانانیش دژی ئه‌م بڕیاره بوون.
AS ده‌نووسێت: پێرێز هه‌موو بڕیاره‌كانی به تاكه‌كه‌سی ده‌دات، ئه‌و به‌رپرسه له هینانی ڕافائێل بینیتێز، بۆیه ئه‌گه‌ر ئه‌و ده‌ربكرێت ده‌بێت خۆشی له‌گه‌ڵی بچێت.
ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌یش كردووه كه گۆڕانكارییه‌كان به ته‌نیا له ڕاهێنه‌ر نه‌بێت و سه‌رۆكیش ده‌گرێته‌وه، چونكه هانده‌ران بڕیاری دژایه‌تی ئه‌و سه‌رۆكه‌یان له دوای كلاسیكۆ ڕاگه‌یاند.
سه‌رۆكی یانه‌ی ڕیال مه‌درید (فلۆرێنتینۆ پێرێز) دوای شكسته‌كه‌ی شه‌وی ڕابردووی یانه‌كه‌ی، مێژووییه‌كی ڕه‌شی تۆمار كرد، به‌وپێیه‌ی له كۆی 38 كلاسیكۆى ئیسپانیا له ماوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌و 16 جار شكستی هێناوه، خاوه‌نی 11 بردنه‌وه و 11 یه‌كسانبوونیشه.