مه‌لا به‌ختيار: هێشتا رێككه‌وتننامه‌ى ستراتيژيمان هه‌ڵنه‌وه‌شاندووه‌ته‌وه

K24 – ھەولێر
دواى كۆبوونه‌وه‌ى مه‌كته‌بى سياسى پارتى و يه‌كێتى له هه‌ولێر، ناوه‌ڕۆكى كۆبوونه‌وه‌كه‌يان راگه‌ياند و كۆبوونه‌وه‌كه‌يان وه‌ك سه‌ره‌تايه‌كى نوێ له‌نێوان هه‌ردوولادا وه‌سف كرد.
ئه‌مڕۆ يه‌كشه‌ممه 22ى تشرينى دووه‌م/نۆڤه‌مبه‌رى 2015، نێچيرڤان بارزانى، جێگرى سه‌رۆكى پارتى ديموكراتى كوردستان و مه‌لا به‌ختيار، لێپرسراوى ده‌سته‌ى كارگێڕى مه‌كته‌بى سياسى يه‌كێتى نيشتمانى كوردستان، دواى كۆبوونه‌وه‌ى نێوانيان، له‌كۆنگره‌يه‌كى رۆژنامه‌وانيدا ناوه‌ڕۆكى كۆبوونه‌وه‌كه‌يان خسته‌ڕوو، تێيدا نێچيرڤان بارزانى گوتى: "ئه‌و كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆ له هه‌ولێر كردمان، درێژه پێده‌رى كۆبوونه‌وه‌كانى پێشتره،به‌شێوه‌يه‌كى گشتى كۆبوونه‌وه‌كه‌مان زۆر زۆر باش بوو، هه‌ردوولامان كۆكبووين له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى ئه‌وله‌ويه‌تى ئێستاى ئێمه ئه‌وه‌يه كه ده‌بێ ناو ماڵى كورد رێك بكه‌ين به‌تايبه‌تى بۆ ئه‌و پێشهاتانه‌ى به‌شێوه‌يه‌كى گشتى له عێراقدا هه‌ن".
گوتيشى: "براده‌رانى يه‌كێتى، هه‌ندێك بيروبۆچوونى تايبه‌ت به‌خۆيان هه‌بووه به ئێمه‌يان راگه‌ياندووه، ئێمه‌ش بڕيارمانداوه بۆچوونه‌كان دراسه بكه‌ين، دواى ئه‌وه‌ش كۆبوونه‌وه‌ى به‌رده‌وام ده‌كه‌ين بۆ ئه‌وه‌ى به تێگه‌يشتنێكى هاوبه‌ش بۆ چاره‌سه‌ركردنى ئه‌و كێشانه‌ى ئه‌مڕۆ له كوردستان هه‌يه".
له‌به‌رانبه‌ريشدا مه‌لا به‌ختيار گوتى: "ئێمه ده‌زانين ده‌وڵه‌تانى گه‌وره‌و حيزبه‌كان و ميلله‌ت و هێزى پێشمه‌رگه چاوه‌ڕوانن، ئێمه وه‌كو يه‌كێتى هه‌وڵێكى زۆرماندا كه ئارامييه‌ك بێته پێشه‌وه بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش كۆبوونه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ حيزبه‌كانى ديكه كردووه، بيروبۆچوونى خۆمان له‌گه‌ڵ گۆڕيونه‌ته‌وه، لاشمان گرنگ بوو ئه‌و كۆبوونه‌وه‌يه كاتێك بيكه‌ن كه زه‌مينه‌كه‌ى له‌بار بێت، به‌دڵنياييه‌وه كۆبوونه‌وه‌يه‌كى مه‌سئولانه بوو".
راشيگه‌ياند: "ئه‌و كۆبوونه‌وه‌يه له‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و جومگانه‌ى په‌يوه‌نديان به‌ناوچه‌كه و چاره‌نووسى نه‌ته‌وه‌كه‌مان، به ديموكراسى و كێشه ئابوورييه‌كانى ئێستا و كێشه‌كانى مادده‌ى 140 و كێشه‌ى ئێدارى و ئه‌منييه‌كان و مه‌سه‌له‌ى داعش بوو، هه‌رچى هاتبێته پێشه‌وه ئێمه نيگه‌ران بين لێى يان بترسين يان له ئاينده لێى بترسين تاوتوێمان كردووه".
گوتيشى: "نە ئێمە و نە پارتی هاوپەیمانیێتی ستراتیژییمان هەڵنەوەشاندووەتەوە به‌ڵام پێویسته له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی نوێ رێك بكه‌وینه‌وه".