بارزانى: پێشمەرگە توانای ئەوەی ھەیە شەڕی لەناوبردنی داعش لە رەققەش بكات

سەرۆكی ھەرێمی كوردستان: پێشمەرگە بۆ بە تەواوەتی تێکشکاندنی داعش پێویستی بە چەک و پێداویستیی سەربازی ھەیە.

مەسعوود بارزانی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان رایدەگەیێنێت: هێزی پێشمەرگەی کوردستان بۆ بە تەواوەتی تێکشکاندنی داعش لە عێراق و سووریا پێویستی بە چەک و پێداویستیی سەربازی زیاترھەیە.

 

سەرۆک بارزانی لە دیمانەیەکیدا لەگەڵ رۆژنامەی لۆ ژۆرنال دوو دیمانش-ی فەرەنسی، باسی لە گرنگیی رزگارکردنی شنگال كرد و گوتی: "دوای رزگاركردنی شنگال، ئامانجی سەرەکی ئاوادەنکردنەوەی شارەکە و گەڕانەوەی خەڵکەکەیە بۆسەر ماڵ و حاڵی خۆیان."

بارزانی کۆنتڕۆڵکردنەوەی رێگەی نێوان رەققە و مووسڵ لەلایەن هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە بە "هەنگاوێکی گەورە بۆ کۆتاییهێنان بە داعش"، ھەژمار كرد، جەختی لەوەش كردەوە کە هێزی پێشمەرگەی کوردستان توانايی ئەوەی ھەیە بەشداربێت لە شەڕی لەناوبردنی داعش، تەنانەت ئەگەر لە رەققەش بێت.

بارزانی لە تەوەرێكی دیكەی لێدوانەكەیدا رایگەیاند، پێشمەرگە پێویستی بە چەکی زیاترە  و بۆ شەڕی داعش پێویستە لە رووی کوالیتی و ژمارەوە چەکی پێشكەوتووی بۆ دابین بكرێ.

سەرۆک بارزانی لەبارەی هێرشەکانی پاریسشەوە گوتی: "ئامانجی تیرۆر لەناوبردنی ئازادی و مرۆڤایەتییە، هەموو وڵاتانی جیهانیش مەترسیی هەڕەشەی تیرۆریان لەسەرە، بۆیە پێویستە هەموو وڵاتان و گشت لایەنەکان لە شەڕی دژی تیرۆردا بەشدار بن".