بارزانى "ئه‌وله‌ويه‌تى" هه‌رێمى كوردستان بۆ ئه‌مريكا ده‌خاته‌ڕوو

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، مه‌سعود بارزانى له‌گه‌ڵ جێگرى وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مريكا كۆبوويه‌وه‌ و "ئه‌وله‌ويه‌تى" هه‌رێمى كوردستانى خسته‌به‌رباس.

 K24– هه‌ولێر:

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، مه‌سعود بارزانى له‌گه‌ڵ جێگرى وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مريكا كۆبوويه‌وه‌ و "ئه‌وله‌ويه‌تى" هه‌رێمى كوردستانى خسته‌به‌رباس.

به‌ مه‌به‌ستى كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، جێگرى وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مريكا، تۆنى بلينكێن و باڵيۆزى ئه‌مريكا له‌ عێراق ستيوارت جۆنز و ژماره‌يه‌ك راوێژكارى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مريكا گه‌يشته‌ هه‌ولێر.

له‌ راگه‌يه‌ندراوێكدا، سه‌رۆكايه‌تى هه‌رێمى كوردستان بڵاويكرده‌وه‌، ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 23ى تشرينى دووه‌م/ نۆڤه‌مبه‌رى 2015، له‌ سه‌لاحه‌دين، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ شاندى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مريكا كۆبوويه‌وه‌.

به‌ گوێره‌ى راگه‌يه‌ندراوه‌كه‌، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا پیرۆزبایی سەركەوتنەكانی پێشمەرگە و ئازادكردنی شنگالی لە بارزانی كردووه‌ و رايگه‌ياندووه‌، ئه‌وان زۆر سەرسامن بە هەنگاو و پلانەكانی بارزانی لە ئۆپڕاسیۆنەكان.

هه‌روه‌ها هاتووه‌: شانده‌كه‌، گوتيشى: "پێشمەرگە بۆ سەركەوتنەكانی قوربانیداوە و ئەوەیان جێگەی پێزانینی جیهانە".

سه‌رۆكايه‌تى هه‌رێم ئه‌وه‌شى خستووه‌ته‌ڕوو، له‌و كۆبوونه‌وه‌يه‌دا شاندى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مريكا سەبارەت بە پاڵپشتیكردنی هێزی پێشمەرگە ئەوەی دووپاتكردوەته‌وە، كە "ئه‌مريكا لە پشتیوانیی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت و هەوڵەكانیشی بۆ فراوانتركردنی ئەم پشتیوانییە دەخاتەگەڕ".

له‌ به‌رامبه‌ريشدا، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، مه‌سعود بارزانى، رايگه‌ياند، پاڵپشتیی هێزە هاوپەیمانەكان و بە تایبەت ئەمەریكا كاریگەریی زۆری لە سەركەوتنەكانی پێشمەرگەدا هەبووە هەر چەندە هاوكارییە سەربازییەكان لەسەر زەوی لە ئاستی فراوانی و سەختیی شەڕەكان نەبووە.

هه‌ر له‌و كۆبوونه‌وه‌يه‌دا، بارزانی باسی لە وردەكارییەكانی پلانی ئازادكردنی شنگال كردووه‌ و  جەختیشی لەوە كردوەته‌وه‌، "ئەولەوییەتی هەرێمی كوردستان شەڕكردن و تێكشكاندنی داعشە و پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هاوپەیمانان بەشێوەیەكی جدیتر بەشدار بن لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعش و دەستی خۆیان لەم شەڕەدا كراوەتر بكەن".