داوا لە "شۆڕشگێڕان"ی سووریا دەکرێ لە ژێر چەترێکدا کۆببنەوە

سەرۆكی هاوپەیمانێتی ئۆپۆزسیۆنی سووریا داوای لە "شوڕشگێڕان"ی ئەو وڵاتە کرد لە ژێر چەترێکدا کۆببنەوە.

خالید خۆجە، سەرۆكی هاوپەیمانێتی ئۆپۆزسیۆنی سووریا رایگەیاند:

"ھەر پرۆسەیەكی راگواستنی سیاسی لە سووریا بەرێوەبچێت ئەوا پرۆسەكە بێ بەشار ئەسەد و دارودەستەكەی دەبێ". خالید خۆجە ھەروەھا داوای لە شۆرشگێڕانی سووریا كرد لەژێر یەك چەتر سووریا لە كاولكاریی بپارێزن.

سەرۆكی هاوپەیمانێتی ئۆپۆزسیۆنی سووریا هاوکات داوای لە گرووپی "بەرەی نوسڕە" کرد پەیوەندییەكانی لەگەڵ رێکخراوی قاعیدە بپچڕێنێت.

خالید خۆجە گوتیشی: "لە سەرەتای دەستپێكردنی ھێرشەكانی رووسیا تاوەكو ئێستا 550 سڤیل بەھۆی بۆردوومانەكانی rووسیا لە سووریا گیانیان لە دەست داوە".

ئەمە لە کاتێکدایە لە كۆتایی مانگی ئەیلوولی ئەمساڵدا رووسیا دەستی بە بۆردوومانكردنی چەكدارانی داعش كرد لە سووریا، بەڵام ئۆپۆزسیۆنی سووریا و رێكخراەكانی مافی مرۆڤ لە سووریا، رووسیایان بە ئامانجکردنی ئۆپزسیۆنی سووریا و ھاوڵاتییانی سڤیل تۆمەتبار دەکەن.