سەعدی پیرە: لەسەر ھەموو پڕەنسیپەكانی رێكخستەوەی ماڵی كورد رێكکەوتووین

دلشاد شھاب: پارتی و یەكێتی دووھێزی سەرەكین پێویستە لەسەر پرسە گشتیەكان ھاوڕابین

سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان رایگەیاند كە لەگەڵ پارتیی لەسەر پڕەنسیپەكانی رێكخستەوەی ماڵی كورد رێكکەوتوون.

سەعدی ئەحمەد پیرە بە (کوردستان ٢٤)ی راگەیاند:

"لە دواین كۆبوونەوەمان لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر ھەموو پڕەنسیپەكانی رێكخستەوەی ماڵی كورد رێكکەوتین، و لە كۆبوونەوەكەدا بە تێروتەسەلی باسمان لە پرسە گرنگەكان كرد".

سەعدی ئەحمەد پیرە گوتیشی: "پارتی و یەكێتی ھەردووكیان داواكارییان لە یەكدی ھەیە، یەكێتی بۆ چارەسەركردنی بارودۆخی ئێستای ھەرێمی كوردستان، دواكارییەكانی ئاراستەی پارتی كردووە و لەسەر چەند پرسێك گەیشتوونەتە رێكکەوتنی سەرەتایی".

ئەندامەکەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئاشكراشی كرد کە: "لە كۆبوونەوەكەدا پارتی و یەكێتی تاوتوێی كێشەكانی نێوان ھەولێر و بەغدایان كرد و لەسەر ئەوە رێكکەوتوون كە دەبێ ئەو كێشانە چارەسەربكرێن".

هاوکات دڵشاد شەھاب، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر دوا كۆبوونەوەی پارتی و یەكێتی بە (کوردستان ٢٤)ی راگەیاند:

"پارتی و یەكێتی دوو ھێزی سەرەكین لە ھەرێمی كوردستان پێویستە لەسەر پرسە گرنگ و سەرەكییەكان لەم قۆناغەدا ھاوڕابن، بەتایبەتیی لەسەر كێشەكانی نێوان ھەولێر و بەغدا وەك بودجە و نەوت".

دڵشاد شەھاب گوتیشی: لە كۆبوونەوەكەی پارتیی و یەکێتی دا "ئەوە خراوەڕوو كە دەبێ لەسەر ئەو پرسانە وەك دوو ھێزی سەرەكی لە ھەرێم ھاوڕابن و لە داواكاریی مافەكانی خەڵكی ھەرێمی كوردستان لە بەغدا یەك ھەڵوێست بن".

لە بارەی رێكەوتنی سەرەتایی نێوان ھەردوو حزبەكە، ئەندامەکەی مەكتەبی سیاسی پارتی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە "پارتیی و یەكێتیی شتێكی دیاریكراویان لە نێواندا نییە تا رێكەوتنی لەسەر بكەن، ئەوان دوو ھێزی سەرەكین دەبێ لەسەر پرسە گشتییەكان ھاوڕابن دواتر لەگەڵ ھێزەكانی دیكەی ھەرێمی كوردستان گفتوگۆ بكەن بۆ كۆدەنگی لەسەر پرسە گشتییەكان".

دوای وەستاندنی كۆبوونەوە پێنج قۆڵییەكانی نێوان لایەنە سیاسییەكانی ھەرێمی كوردستان، بۆ چارەكردنی كێشەكان و رێكەوتنیان لەسەر پرسە گشتییەكان، لە ٢٢ ئەم مانگە مەكتەبی سیاسی پارتیی و یەکێتیی لە ھەولێر كۆبوونەوە.

بەپێی سەرچاوەکان باسی سەرەکی کۆبوونەوەکە لە بارەی پێشنیازەكانی بزوتنەوەی گۆڕان كە لە رێگەی شاندی دانووستكاری یەكێتیەوە گەیەنرانە پارتیی، بەڵام تا ئێستا بە فەرمی وەڵامی ئەو پێشنیازانە نەدراوەتەوە.