ئه‌مريكا: شانازیی بە دەستكەوتەكانی پێشمەرگە دەكەین

"رۆڵی سەربازیی رووسیا لە سووریا لە دژی تیرۆریستان نییە".

 K24 – به‌غدا:

ستیوارت جۆنز، باڵوێزی ئەمریكا لە عێراق رایگەیاند، ئەمریكا شانازیی بە دەستكەوتەكانی پێشمەرگە دەكەین لە شنگال.

ستیوارت جۆنز، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیی لە میانی سەردانیی بۆ شاری بەسرەی باشووری عێراقە راشیگەیاند، "ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا شانازیی دەكات بە دەستكەوتەكانی هێزە عێراقییەكان و پێشمەرگە و حەشدی شەعبیی لە ناوچەكانی شنگال و تكریت و بێجی".

ستیوارت جۆنز گوتیشی: "رۆڵی رووسیا لە دانووستانەكانی ڤییەننا زۆر ئەرێنی بوو، بەڵام پرۆسه‌ى سەربازیی رووسیا لە سووریا لە دژی تیرۆریستان نییە و هێرشە ئاسمانییەكانی كاریگەر نین و ژمارەیان كەمە".

باڵوێزی ئەمریكا لە عێراق ئاماژەشى به‌وه‌ كرد،"رووسیا هێرش دەكاتە سەر ئۆپۆزسیۆنی میانڕەوی سووریا، بەو بەڵگەیەی، كه‌ رێكخراوی داعش دەستی بەسەر ناوچەی زیاتر گرتووە لە سووریا".

ستیوارت جۆنز دڵنیاییشیدا كە، "دۆخەكە لە عێراق تەواو جیاوازە و داعش وا 40%ی ناوچەكانی بندەستی لەدەستداوە و ئەم دەستكەوتەش بەرهەمی هەماهەنگیی نێوان عێراق و هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتییە بە سەرۆكایەتیی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا".

باڵوێزی ئەمریكا لە عێراق ئاشكراشیكرد، "لە سایەی ئەو دۆخە، ئەستەمە بتوانین هەماهەنگی رووسیا بین، چونكە باوەڕمان وایە، رووسیا راستگۆ نییە لە شەڕی دژی داعش. ئەمەش بەو واتایەیە، كە هیچ دەرفەتێكی نییە بۆ هەماهەنگیی، بەڵام بۆ ئەوەی مامەڵەیان لەگەڵدا بكەین پێویستە تێگەیشتنێك لە نێوانماندا هەبێ لەبارەی تواناكانی رووسیا بۆ لەناوبردنی داعش".