توركيا بۆردومانى قه‌نديلى ده‌ستپێكرده‌وه
K24 – قه‌نديل:
فڕۆكه جه‌نگييه‌كانى توركيا ئاسمانى هه‌رێمى كوردستانيان به‌زاند و ژماره‌يه‌ك گونديان له بنارى قه‌نديل بۆردومان كرد.
په‌يامنێرى كوردستان 24 له ناوچه‌كه‌وه رايگه‌ياند، هه‌ريه‌ك له گونده‌كانى بۆڵێ، ئينزێ، سڵێ و چه‌ند گوندێكى ديكه بۆردومانكراوون.
تا ئێستا راده‌ى زيانه گيانى و ماڵييه‌كانى ئه‌و بۆردومانانه نه‌زانراوون.
ته‌نيا يه‌ك رۆژ له دواى سه‌ركه‌وتنى پارتى دادوگه‌شه‌پێدانى ئيسلامى توركيا له پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنى رۆژى يه‌كى نۆڤه‌مبه‌ردا، فڕۆكه جه‌نگييه‌كانى توركيا بۆردومانكردنى ناوچه‌كانى سنوورى هه‌رێمى كوردستانيان ده‌ستپێكردووه.
توركيا به پاساوى بۆردومانكردنى باره‌گاكانى پارتى كرێكارانى كوردستان كه نزيكه‌ى دوو ده‌يه‌يه له سنوورى قه‌نديلدان، بۆردومانى گونده‌كانى ئه‌و سنووره ده‌كات.
هه‌ر دوێنێ توركيا به پاساوى به‌زاندنى ئاسمانى وڵاته‌كه‌ى له لايه‌ن فڕۆكه‌يه‌كى جه‌نگيى رووسياوه، فڕۆكه‌يه‌كى جۆرى سيخۆى 24ى ئه‌و وڵاته‌ى له ئاسمانى سووريا خسته‌خواره‌وه و يه‌كێك له فڕۆكه‌وانه‌كانى له لايه‌ن ميليشياييه‌كى توركمانييه‌وه له نزيك لازقييه كوژرا.
تا ئێستا حكومه‌تى عێراق پرسى به‌زاندنى سه‌روه‌رى عێراقى له لايه‌ن فڕۆكه‌كانى توركياوه نه‌گه‌ياندووه‌ته ناوه‌نده نێوده‌وڵه‌تييه‌كان و سكاڵاى له دژى توركيا له ئه‌نجوومه‌نى ئاسايشى نێوده‌وڵه‌تى تۆمار نه‌كردووه.
له هاوينى رابردوودا به هۆى بۆردومانى فڕۆكه جه‌نگييه‌كانى توركياوه ژينگه‌ى چه‌ندين ناوچه‌ى شاخاوى هه‌رێمى كوردستان رووبه‌ڕووى قه‌يرانێكى ژينگه‌يى بوونه‌وه و پانتاييه‌كى فراوانى دارستان و ره‌زوباخى هاووڵاتيان سووتان.
هاوكات به هۆى ئه‌و بۆردومانانه‌وه چه‌ندين گوندى ناوچه سنوورييه‌كان چۆڵكراوون و گوندنشينه‌كان ناتوانن بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر مه‌زرا و كێڵگه كشتو‌كاڵى و ره‌ز و پاوه‌نه‌كانيان.
پارتى كرێكارانيى كوردستان (PKK)، له 1979 له لايه‌ن ژماره‌يه‌ك گه‌نجى كورده‌وه به سه‌رۆكايه‌تى عه‌بدوڵڵا ئۆج ئالان، دامه‌زراوه و له 15ى ئاب/ته‌باخى 1984 شۆڕشى چه‌كدارى دژ به سوپاى توركيا راگه‌ياندووه.
له سه‌ره‌تاى ده‌ستپێكردنى شه‌ڕه‌وه تا ئێستا زياتر له 35 هه‌زار كه‌س له هه‌ردوولا كوژراوون.
له 15ى شوباتى 1999 رێبه‌رى ئه‌و پارته، عه‌بدوڵڵا ئۆج ئالان، له پرۆسه‌يه‌كى هه‌واڵگرييانه‌دا، له كينيا ده‌ستگيركرا و به فڕۆكه‌يه‌كى تايبه‌تى توركيا له لايه‌ن رفێنه‌ره‌كانييه‌وه گواسترايه‌وه بۆ ئه‌نقه‌ره.
له سه‌ره‌تاى ده‌ستگيركردنييدا، حكومه‌تى توركيا ئۆج ئالانى راده‌ستى دادگا كرد. له لايه‌ن دادگاى ئه‌و وڵاته‌وه به سزاى له سێداره‌دان مه‌حكوم كرا.
يه‌كێتى ئه‌وروپا و رێكخراوه مرۆيى و دادوه‌رييه‌كانى جيهان دادگاى توركيايان ناچار كرد، هه‌موارى سزاى له‌سێداره‌دانه‌كه بكات و سزاكه‌ى بۆ زيندانى هه‌تا هه‌تايى بگۆڕێت.
له ئێستاشدا توركيا داواى چه‌كدانانى ئه‌و پارته ده‌كات و له به‌رامبه‌ريشدا، به‌رپرسانى په‌كه‌كه ئه‌و داوايه ره‌تده‌كه‌نه‌وه.
هه‌رێمى كوردستان له چه‌ندين بۆنه‌دا رايگه‌ياندووه، پێويسته په‌كه‌كه، خه‌باتى خۆى بباته‌وه باكوورى كوردستان و نه‌بێته هۆى درووستبوونى كێشه بۆ هه‌رێمى كوردستان.