ئه‌مريكا سزا به‌سه‌ر 10 كه‌س و لايه‌ندا ده‌سه‌پێنێت
K24 – واشنتن:
وه‌زاره‌تى گه‌نجينه‌ى ئه‌مريكا، رايگه‌ياند، سزاى 10 ئامانجيان داوه به هۆى ئه‌وه‌ى پشتيوانييان له رژێمى به‌شار ئه‌سه‌د كردووه و هاوكاريانكردووه له كڕينى نه‌وت له رێكخراوى ده‌وڵه‌تى ئيسلامى "داعش".
له نوێترين گه‌ڕى سزاكانى ئه‌مريكا په‌يوه‌ست به قه‌يرانى سووريا، ئه‌مريكا ئاشكرايكرد، سامان و دارايى چوار كه‌س و شه‌ش لايه‌نييان بلۆك كردووه، كه يه‌كێكيان بانكێكى رووسياييه و چيديكه هيچ كۆمپانيايه‌كى ئه‌مريكايى بۆى نييه بۆندى بازرگانى له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌س و لايه‌نانه‌دا واژوو بكات.
له به‌ياننامه‌يه‌كدا، وه‌زاره‌تى گه‌نجينه‌ى ئه‌مريكا روونيكردووه‌ته‌وه، هه‌ريه‌ك له بانكى "فايننشاڵ ئه‌ليانس"ى رووسيايى له‌به‌ر ئه‌و رۆڵه‌ى له واژووكردنى گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ حكومه‌تى سووريا گێڕاويه‌تى و دووان له كه‌سايه‌تييه‌كانى په‌يوه‌نديدار به‌و بانكه‌وه، كه هه‌ريه‌ك له "موده‌لل خورى و كيرسان ليومجينۆڤ"ن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵياندا قه‌ده‌غه كراوه.
هه‌روه‌ها بزنسمانى سووريايى "جۆرج حه‌سوانى" سامانه‌كه‌ى بلۆك كراوه و له لايه‌ن وه‌زاره‌تى گه‌نجينه‌ى ئه‌مريكاوه به‌وه تۆمه‌تبار كراوه، كه "وه‌ك نێوه‌ندگير كڕيار بۆ نه‌وتى حكومه‌تى سووريا و داعش ده‌دۆزێته‌وه".
"ئاده‌م زووبين"، رێكخه‌رى كاره‌كان و بريكارى وه‌زاره‌تى گه‌نجينه‌ى ئه‌مريكا بۆ كاروبارى تيرۆر و هه‌واڵگرى دارايى رايگه‌ياندووه، "ئه‌مريكا هه‌وڵه‌كانى به‌رده‌وامن بۆ ئه‌وه‌ى هه‌موو ئه‌و كه‌س و لايه‌نانه بكاته ئامانج كه له رووى داراييه‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌سه‌د ده‌كه‌ن".
وه‌زاره‌ته‌كه ئه‌وه‌شى ئاشكرا كردووه، گه‌ڕێكى ديكه‌ى سزاكان به‌ڕێوه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى ژماره‌يه‌كى ديكه له‌و كيان و لايه‌ن و كه‌سايه‌تييانه بكرێنه ئامانج كه "خورى" په‌يوه‌ندى له‌گه‌ڵياندا هه‌يه و كار بۆ به‌رژه‌وه‌ندى داعش و حكومه‌تى ئه‌سه‌د ده‌كه‌ن.