یەكێتی ئەوروپا داوای پارێزگاریکردن لە رێککەوتنامەی شنگن دەکات

"مەترسی لەناوچوونی یۆرۆش هەیە"

K24

دوای كردەوە تیرۆرستیەكانی فەرەنساو لێشاوی كۆچبەرانی نایاسایی بۆ وڵاتانی ئەوروپا، مەترسی لەسەر رێککەوتنامەی شنگن دروست بووە، بەهۆی ئەوەی هەندێک وڵات کارکردنیان بەو جۆرە ڤیزایە راگرتووە.

جان كڵۆد، سەرۆكی كۆمسیۆنی ئەوروپا لەبەردەم پەرلەمانی یەکێتی یەكێتی ئەوروپا لە دواین کۆبوونەوەی لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنسا گوتی "پێویستە پارێزگاری لە ڕێكەوتننامەی شنگن بكەین".

كڵۆد ئاماژەی بەوەش كرد، ئەگەر سیستەمی پێدانی ڤیزا بۆ هاتنەناوەوەی وڵاتانی یەکیتی ئەوروپا، کە بە (شنگن) ناسراوە، شكست بێنێت، دراوی یەكگرتووی  ئەوروپا ھیچ مانایەكی نامێنێت.

سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپی راشیگەیاند، نابێت پێدانی مافی پەنابەری لە وڵاتانی یەکیتی ئەوروپا، تێکەڵی تووندڕەوی بكرێن.

رێكەوتننامەی شنگن لە نێوان 30وڵات واژووكراوە، بەگوێرەی ئەو ڕێكەوتننامە، ھاوڵاتیانی وڵاتانی بەشدار، پێویستیان بە ڤیزە نییە بۆ هاتووچۆکردن لەنێوان وڵاتەکان، هەرکەسێکی دەرەوەی ئەو رێککەوتنامەیش، ئەگەر ڤیزاکەی پێبدرێت، دەتوانێت بەهەموو وڵاتەکان بگەڕێت.

لەدوای هێرشەکانی پاریس، کە بووە هۆکاری کوژرانی 128 کەس و برینداربوونی نزیکەی 300 کەس، فەرەنسا بڕیاری کارکردنی بە ڤیزای شنگنی بۆ ماوەیەک هەڵپەسارد، ژمارەیەک ئەندامی دیکەی یەکێتییەکەش، داوای هەڵگرتنی تەواوەتی ئەو سیسیتەمە دەکەن، کە هۆکارێکە بۆ ئاسانی هاتووچۆ کردن لەنێوان ئەو وڵاتانە.