ئۆڵاند: پێویستە بە بەزەیی نەبین لەگەڵ تیرۆر

مێرکل: تیرۆر دوژمنی هاوبەشی هەموومانە

K24

ڕوێژكاری ئەڵمانیا وسەرۆكی فەرەنسا دووپات لە بەشداری وڵاتەکانیان کردەوە، لە هاوپەیمانییەتی نێودەوڵەتی لە دژی داعش.

ئەنجێلا مێركلی ڕاوێژكاری ئەڵمانیا، سەردانی فەرەنسای كرد لە كۆشكی ئێلیزێ لەگەڵ فرانسوا ئۆلاندی سەرۆكی فەرەنسا كۆبووەوە. لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی دا، سەرۆكی فەرەنسا گوتی "ئەو جەنگە پێویستی بە بەزەیی نییە، پێویستە بە تووندی بەرامبەر بە تیرۆر بووەستیینەوە، ئەوەی لە توانامان دایە بیكەین بۆ پاراستنی گیانی ھاووڵاتییانمان و وڵاتەكانمان"

ئەنجیلا مێركلیش گوتی "تیرۆر دوژمنی ھاوبەشی ھەموومانە، ئەركی ھاوبەشی ئێمەیە لە بەرامبەری بوەستین، داعش بە قسە مامەڵەی لەگەڵدا ناكرێت، پێویستە لە دژی بوەستینەوە".

دواتر مێركل و ئۆلاند سەردانی شوێنی ڕووداوەكانی شاری پاریسیان كرد.

لە دوای هێرشی تیرۆری چەکدرانی داعش بۆسەر شاری پاریس، فەرەنسا ھێرشەكانی بۆسەر چەكدارانی داعش لە عێراق وسووریا چڕتر كردووەتەوە، ئەڵمانیاش ڕۆڵێكی كارا دەگێڕێت دژ بە داعش و هاوکاری سەربازی ئەو وڵاتانە دەکات، کە رووبەرووی داعش دەبنەوە، لەو چوارچێوەیەشدا لەدوای کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی دووەم، بۆ یەکەمین جار هاوکاری سەربازی پێشکەشی هێزی پێشمەرەگی کوردستان کرد.