نێچیرڤان بارزانی: "له‌ رێگەی بەشێك لە مینبەری مزگەوتەكانەوە سوكایەتی بە ژنان دەكرێت"

لە رێوڕەسمی ھەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ به‌ ژنان لە ھەولێر گوتارێكی پێشكەشكرد.

 K24 – هه‌ولێر:

سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە رێوڕەسمی ھەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ به‌ ژنان لە ھەولێر گوتارێكی پێشكەشكرد.

نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند، "بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان لە ئەولەویەتی كارەكانی حكوومەت دایە ئەم پرسەشمان بە یاسا كردووە".

گوتیشی: "لەسەر ئاستی سیاسی و یاسايی ئەو پرسە بەرەو پێشچوونی بە خۆیەوە بینوە، بەڵام توندوتیژی كۆتايی نەھاتووە".

بارزانی، ئاماژەی بەوەدا، "حكوومەتی ھەرێمی كوردستان یاسای باری كەسێتی عێراقیان گۆڕیووە، بۆ یاسایەكی شارستانی وسەردەمیانە".

هه‌روه‌ها گوتی: "لە ئاستی جێبەجێكردندا چەندین بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژی و شوێنی په‌نادانى ئافرەتانمان كردووه‌تەوە".

نێچيرڤان بارزانی، داوای لە مامۆستایانی ئاینی كرد له‌و باره‌يه‌وه‌ رۆڵى خۆيان ببينن و پەیامەكانیان ده‌ربڕى "چەمكی یەكسانی و سەردەمیانە بن".

هه‌ر له‌و باره‌يه‌وه‌، نیگەرانیشی دەربڕی بەوەی لە "رێگەی بەشێك لە مینبەری مزگەوتەكانەوە سوكایەتی بە ژنان دەكرێت".

ھەرلەمیانەی گوتارەكەیدا ئاماژەی بە ھێرشەكانی داعش كرد بۆسەر هه‌رێمى كوردستان، گوتی: "ئەوان ھەر بەچەك لە بەرامبەرمان نەوەستاون، بەڵكو دزەیان كردۆتە ناوكۆمەڵگه‌ و  بیری دژ بەیەكسانی ئازادی مرۆڤ بڵاو دەكەنەوە".

ئاماژەی بەوه‌شكرد، رزگاربوونی  شنگال كۆتايی بە مەینیەتی  ژنانی شنگال ناهێنێت بۆیە دەبێت بە ئەندازەی گەورەی تراژیدیای شنگال ئیش بۆ ژنانی شنگال بكەین.

ساڵانه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستاندا، به‌ بۆنه‌ى 25ى نۆڤه‌مبه‌ره‌وه‌ (هه‌ڵمه‌تى جيهانى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندوتيژى دژ به‌ ژنان) كۆڕو كۆنفرانسى تايبه‌ت به‌ يادكردنه‌وه‌ى ئه‌و رۆژه‌ ئه‌نجام ده‌درێت و وتارى سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێميش له‌و چوارچێوه‌يه‌دا، خرايه‌ڕوو.