فه‌ره‌نسا په‌يامێك ئاراسته‌ى بارزانى ده‌كات

له‌ وەڵامی پەیامی هاوخەمیی سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، مه‌سعود بارزانی بۆ گەل و سەرۆكی فەرەنسا، لۆران فابیوس وەزیری دەرەوەی فەرەنسا په‌يامێكى ئاراسته‌ى بارزانى كرد.

K24 – هه‌ولێر:

له‌ وەڵامی پەیامی هاوخەمیی سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، مه‌سعود بارزانی بۆ گەل و سەرۆكی فەرەنسا، لۆران فابیوس وەزیری دەرەوەی فەرەنسا په‌يامێكى ئاراسته‌ى بارزانى كرد.

له‌ په‌يامه‌كه‌دا هاتووه‌: "لەبەرانبەر ئەو بەڵایەدا كە هەڕەشە لە هەموو لایەكمان دەكات، ئێمە پێویستیمان بە كاری زیاتری هاوبەش هەیە، بە یەكخستنی هەموو تواناكانمان بۆ خزمەتكردنی بەها و باوەڕە جیهانییە هاوبەشەكانمان. دڵنیام كە دەتوانین لەم ئەرك و ئامانجانەدا پشت بە بەشداریی ئێوە ببەستین".

ده‌قى په‌يامه‌كه‌:

جەنابی سەرۆك

بەناوی گەلی فەرەنسا و بەناوی شەخسی خۆمەوە، سوپاستان دەكەم بۆ دەربڕینی پرسە و سەرەخۆشیتان دوابەدوای ئەو پەلامارە خوێناویانەی كە فەرەنسایان كردە ئامانج.

ئەو پشتیوانییەی كە بەڕێزتان لەم ساتەوەختە سەختەدا نیشانتان داوە، بۆ ئێمە بەهایەكی گرنگی هەیە. ئەمڕۆ فەرەنسا لە ماتەمینی دایە و پرسەی قوربانییەكانی دەگێڕێت. بەڵام هەرگیز رێگە نادات تێكبشكێندرێت، هەر لە ئێستاوە هەڵساوەتەوەو بەردەوام دەبێت لە بەرەنگاربوونەوەی ترسی نامرۆڤانەی تیرۆریزم، لەسەر خاكی خۆی و هەروەها لە هەموو شوێنەكانی جیهاندا.

لەبەرانبەر ئەو بەڵایەدا كە هەڕەشە لە هەموو لایەكمان دەكات، ئێمە پێویستیمان بە كاری زیاتری هاوبەش هەیە، بە یەكخستنی هەموو تواناكانمان بۆ خزمەتكردنی بەها و باوەڕە جیهانییە هاوبەشەكانمان. دڵنیام كە دەتوانین لەم ئەرك و ئامانجانەدا پشت بە بەشداریی ئێوە ببەستین.

تكام وایە جەنابی سەرۆك ئەو پەڕی ڕێز و حورمەتم قبوڵ بفەرموون.

لۆران فابیوس

وەزیری دەروەی فەرەنسا

پاریس 23ـی نۆڤەمبەری 2015