"لە دەرەوەی ئەنەكەسە ھیچ پڕۆژەیەكی نەتەوەیی كورد لە رۆژئاوا نیە"

"تەڤدەم زوڵمی زۆر لە گەلی كورد دەكات"

 K24- قامیشلو:

حەسەن ساڵح جێگری سەرۆكی پارتی یەكێتی كورد لە سووریا (پ ی ك –س) رايگه‌ياند، بڕیاری دوورخستنەوەی پارتی دیموكراتی پێشڤەڕوو لە ئەنجوومەنی نیشتیمانی لە سووریا لە شوێنی خۆی نیە.

ئەو گوتانەی حەسەن ساڵح لە میانی بەشداری كردنیدا بوو لە رووماڵی ھەواڵەكانی كوردستان 24دا، ئەوەشی خستەڕوو، "لە دەرەوەی ئەنجوومەنی نیشتیمانی كورد ھیچ پڕۆژەیەكی نەتەوەیی كورد نیە لە رۆژئاوای كوردستان".

گوتیشی: "ئەنەكەسە نوێنەرایەتی گەلی كورد دەكات پڕۆژەیەكی نەتەوەییە". ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، ئەنەكەسە زۆر خۆپيشاندانی ئەنجامدا و دەریخستووە، كە تاچەند خەڵك لەگەڵ ئەنەكەسەدایە.

حەسەن ساڵح، رای وایە "تەڤگەری جڤاکی دیموکراتیک (تەڤدەم) زیانی بە سیاسەتی گەلی كورد گەیاندووە" و گوتی: "تەڤدەم دوژمنایەتی پڕۆژەی نەتەوەيی گەلی كورد دەكات و زوڵمی زۆر لە گەلی كورد دەكات، ئەگەر (پ د پ ك) خۆی بداتە لای تەڤدەم گەلێك زیان دەكات، ئاشكراشیكرد، ئەنەكەسە ئامادەییە بۆ ھەر گفتوگۆ و رێكەوتنێك لەگەڵ تەڤگەری جڤاکی دیموکراتیك، بەڵام ئەوكاتەی، قبوڵ بكرێت پێشمەرگە بێتە رۆژئاوایی كوردستان".