توركيا بڕيارێكى نوێى ده‌ركرد

بڕياره‌كه‌ په‌يوه‌ندى به‌ رووسياوه‌ هه‌يه‌.

K24 – ئه‌نقه‌ره‌:

توركيا به‌ مه‌به‌ستى هێوركردنه‌وه‌ى گرژييه‌كانى له‌گه‌ڵ رووسيا بڕيارێكى نوێى ده‌ركرد.

رۆژنامه‌ى حوڕييه‌تى توركيا بڵاويكرده‌وه‌، حكومه‌تى ئه‌نقه‌ره‌ بڕياريداوه‌ بۆ ماوه‌يه‌كى كاتى هێرشه‌ ئاسمانييه‌كانى بۆ سه‌ر سووريا رابگرێت.

توركيا به‌ پاساوى بۆردومانكردنى چه‌كدارانى داعش چه‌ند جارێك بۆردومانى سوورياى كردبوو.

يه‌كينه‌كانى پاراستنى گه‌ل ناسراو به‌ يه‌په‌گه‌، چه‌ند جارێك رايانگه‌ياندبوو، توركيا بۆردومانى باره‌گاكانى ئه‌وانى له‌ رۆژئاواى كوردستان كردووه‌.

ئه‌نقه‌ره‌ رايگه‌ياندبوو، ئامانجى بۆردومانكردنى چه‌كدارانى داعشه‌، به‌ڵام به‌ گوێره‌ى زانياريى ميدياى نێوده‌وڵه‌تى، زۆرترين بۆردومانى فڕۆكه‌كانى توركيا له‌ دژى پارتى كرێكارانى كوردستان له‌ سنوورى قه‌نديل و باره‌گاى يه‌كينه‌كانى پاراستنى گه‌ل بووه‌، كه‌ له‌ رۆژئاواى كوردستان دژى داعش له‌ شه‌ڕدان.

رۆژنامه‌كه‌ ئه‌وه‌شى نووسيوه‌، توركيا و رووسيا رێككه‌وتوون له‌ كه‌ناڵى جياجياوه‌ كار بۆ ئاساييكردنه‌وه‌ى ره‌وشه‌كه‌ بكه‌ن.

سێشه‌ممه‌ى رابردوو، توركيا فڕۆكه‌يه‌كى رووسيايى له‌ جۆرى سيخۆى 24ى خسته‌خواره‌وه‌ و يه‌كێك له‌ فڕۆكه‌وانه‌كانيشى له‌ لايه‌ن ميليشيايه‌كى چه‌كدارى توركمانه‌وه‌ كوژرا و دووه‌ميشيان توانرا رزگار بكرێت.