سعووديه چ ديارييه‌كى بۆ ئۆباما و مێشێل ناردووه
K24 – واشنتن:
وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مريكا ليستى ناوى ئه‌و ديارييانه‌ى بڵاوكرده‌وه، كه له ماوه‌ى 2014دا پێشكه‌شى هه‌ريه‌ك له باراك ئۆباما، سه‌رۆكى ئه‌مريكا و هاوسه‌ره‌كه‌ى مێشێل ئۆباما كراوون.
به گوێره‌ى ليسته‌كه، ديارى سه‌يروسه‌مه‌ره پێشكه‌شى سه‌رۆك و خانمى يه‌كه‌مى ئه‌مريكا كراوون، له‌وانه ديارييه‌كه‌ى سه‌رۆك وه‌زيرانى پۆڵه‌ندا "دوناڵد تاسك"ه، كه يارى پله‌ى سته‌يشنى "كوشتنى پادشاكان" بووه.
ئه‌وه‌ى له هه‌مووان زياتر سه‌رنجى له‌سه‌ر چڕكراوه‌ته‌وه، ئه‌و ديارييه گرانبه‌هايانه‌يه كه پادشاى كۆچكردووى عه‌ره‌بستان "عه‌بدوڵڵا عه‌بدولعه‌زيز" بۆ هه‌ريه‌ك له ئۆباما و مێشێلى ناردووه.
به گوێره‌ى ليسته‌كه، هه‌موو ئه‌و ديارييانه‌ى بۆ خانمى يه‌كه‌مى ئه‌مريكا و سه‌رۆكى ئه‌مريكا و ماليا و ساشاى كچه‌كانى سه‌رۆك له لايه‌ن عه‌ره‌بستانه‌وه نێردراوون، به‌هايان ده‌گاته مليۆنێك و 35 هه‌زار دۆلاره.
تاقمێكى ئه‌ڵماس به به‌هاى مليۆنێك و سه‌د هه‌زار دۆلار به ديارى پێشكه‌ش به مێشێل ئۆباما كراوه.
له 24ى كانوونى دووه‌م/ يه‌نايرى 2014دا، عه‌ره‌بستان تاقمێكى ئه‌ڵماسى پێشكه‌ش به مێشێل كردووه و به‌هاكه‌ى 560 هه‌زار دۆلار بووه.
دواى ته‌نيا سێ مانگى ديكه واته له 15ى نيسان/ ئه‌پريلى 2014دا تاقمێكى ديكه‌ى ئه‌ڵماس كراوه‌ته ديارى بۆ مێشێل به‌هاكه‌ى 570 هه‌زار دۆلار بووه.
به گوێره‌ى ياسا له ئه‌مريكادا هه‌ر ديارييه‌ك پێشكه‌شى سه‌رۆك بكرێت، له لايه‌ن سه‌رۆكى ولاتانه‌وه، ده‌بێته موڵكى ئه‌رشيفى نيشتيمانى ئه‌مريكا و ئه‌گه‌ر سه‌رۆك بيه‌وێت هه‌ر پارچه‌يه‌ك لاى خۆى گل بداته‌وه، ئه‌وا؛ ده‌بێت نرخه‌كه‌ى بدات.
به گوێره‌ى زانيارى فه‌رمى كۆشكى سپى مووچه‌ى ساڵانه‌ى ئۆباما 400 هه‌زار دۆلار تێپه‌ڕ ناكات و ئه‌مه‌ش به‌ربه‌سته له‌به‌رده‌م خێزانى سه‌رۆك بۆ ئه‌وه‌ى بتوانن پاره‌ى ئه‌و ديارييانه بده‌نه ئه‌رشيفى نيشتيمانى.
سه‌رچاوه: تۆمارى فيدراڵى ئه‌مريكا.