عامری: شاری روومادیمان تەواو گەمارۆ داوە

"شەڕی رزگارکردنی شارەکە بەمنزیکانە دەستپێدەکات"

K24

هادی عامری، سەرپرشتیاری گشتیی میلیشیاکانی حەشدی شەعبیی شیعە لە عێراق رایگەیاند پرۆسەی تەواو گەمارۆدانی شاری روومادی ناوەندی پارێزگای ئەنبار کۆتاییهات.

هادی عامری لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا لە شاری کەربەلا راشیگەیاند:

"حەشدی شەعبیی لە ناوچەکانی پێکهاتەکانی دیکەدا دەجەنگێ، چونکە باوەڕی بە یەکپارچەیی عێراق و رۆڵەکانی هەیە و ئەوەی ئێمە دەیکەین ئەرکێکی نیشتمانیی و شەرعیی و ئەخلاقییە بەرامبەر برایانمان لە ناوچەکانی بندەستی تیرۆر".

هادی عامری کە هاوکات سکرتێری گشتیی رێکخراوی بەدری چەکداری شیعەیە گوتیشی: "پرۆسەی تەواو گەمارۆدانی شاری روومادی (110 کم رۆژئاوای بەغدا) لە دوێنێوە کۆتاییهاتووە و شەڕی رزگارکردنی شارەکە بەمنزیکانە دەستپێدەکات".

ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدایە نزیکەی ساڵێکە چەکدارانی داعش دەستیان بەسەر شاری روومادیدا گرتووە و ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی شارەکەش وا چەند مانگێکە بەردەوامە بەبێ ئەوەی تەواو ئامانجی خۆی بپێکێ.