ئه‌مڕۆ یانه‌ی ئیبار میوانداریی یانه‌ی ڕیال مه‌درید ده‌كا

ڕیال مه‌درید له‌ پێناو ساریژكردنی برینی كلاسیكۆ ده‌چێته‌ هه‌رێمی باسك

K24 ـ ژووری هه‌واڵ

یانەی ریال مەدرید دوای شکستەکەی لە کلاسیکۆ دەبێتە میوانی ئیبار، یانه‌ی شاهانه‌ دوای بردنەوەکانی دوێنێ شەوی بارسێلۆنای پێشەنگ و ئاتلێتیکۆ مەدریدی دووەم بۆ بەردەوامیدان بە رکابەری ناچارە بردنەوە بەدەست بهێنێت، لە یارییەکی دیکەشدا سێڤییا لە یاریگەی سانچیز پیزخوان میوانداریی ڤالێنسیا دەکات.

 

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌، 29 تشرینی دووه‌م/ نۆڤه‌مبه‌ری 2015، یانه‌ی ڕیال مه‌درید له‌ كات 6:00ـی ئێواره‌ ده‌بێته‌ میوانی یانه‌ی ئیبار كه‌ ئه‌مه‌ی دووه‌میان ئه‌م وه‌رزه‌ ئاستێكی به‌رزی پێشكه‌ش كردووه‌.

دوای دۆڕاندنی دوو یاری لەسەر یەک لە لالیگا، یانەی ریال مەدریدی سێیەم بۆ سارێژکردنەوەی برینەکەی ئه‌مڕۆ دەچێتە ھەرێمی باسک و دەبێتە مێوانی یانەی ئیباری خاوەن پلەی شەشەم.

کوڕانی بینیتیز سەرەڕای خراپی ژووری جلگۆڕین و بچڕانی پەیوەندی چەند یاریزانێک لەگەڵ راھێنەرەکەیان پشتیان بە گەڕانەوەی گاریس بێل و جێمس رۆدریگێز بەستووە، لە ھەمووشی زیاتر گەڕانەوەی ئاستە باشەکەی کریستیانۆ رۆناڵدۆیە کە لە یاری رابردووی لە چامپیۆنزلیگ دوو گۆڵی تۆمار کرد و گۆڵێکیشی درووست کرد.

پێش ئەم یارییەش رافا بینیتیز ئامادەیی کەریم بنزیما و کایلۆر ناڤاسی گۆڵپارێزی یانەکەی راگەیاندووه‌.

مارسێلۆ، ڤاران و رامۆس بەھۆی پێکانەوە بەشداری یارییەکە ناکەن.

جگە لەوەش دانێلۆ لەم یارییە لەسەر کورسی یەدەگ دەبێت و ناچۆ لەگەڵ پێپی لە ھێڵی بەرگری دەبن، ئاربیلواش لە باڵی چەپ شوێنی مارسیلۆ دەگرێتەوە.

 

ڕایۆ ڤالیكانۆ ـ ئا‌تله‌تیك بلباو

لە یارییەکی تری لالیگادا، یانەی رایۆ ڤالیکانۆ لەناو یاریگای خۆی رووبەرووی ئاتلەتیک بلباو دەبێتەوە.

بلباو کە ھەفتەی رابردوو لە یۆرۆپالیگ سەرکەوتنی بۆ قۆناخی داھاتوو مسۆگەرکرد، دەیەوێ بەوھێزەوە لە لالیگا سێ خاڵ بەدەست بھێنن و چەند پلەیەک بێتە پێشەوە کە ئێستا بە کۆکردنەوەی ١٧ خاڵ پلەی دەیەمی خولی ئیسپانی گرتووە.

لەلایەکی تریش یانەی رایۆ ڤالیکانۆ رەتی دەکەنەوە جگە لە سێ خاڵ بەھیچ شتێکی تر رازی بن. ھەر ھیچ نەبێ کەمێک لە پلە ترسنەکەکانی پشتەوە بێنە پێشەوە و دوور بکەونەوە.

 

سیڤییه‌ ـ ڤالێنسیا

لە یاری لووتکەی ئەم ھەفتەیەش یانەی سێڤیا و ڤالێنسیا لە کات 10:30ـی شه‌و بە کاتی باشووری کوردستان بەیەک دەگەن، ھەردوو یانەش لە گەڕی رابردووی چامپیۆنزلیگ تووشی شکستی گەورە ھاتن کە رەنگە ھیچ یانەیەکیان نەتوانن بۆ قۆناخی ١٦ـی ئەو پاڵەوانییەتییە گەورەیە سەربکەون.

لە لالیگاش سێڤیا لە پلەی دوازدەھەمە و ١٥ خاڵی کۆکردووەتەوە و پێنج پلە لە دوای یانەی ڤالێنسیایە کە بە ١٩ خاڵ پلەی حەوتەمی گرتووە.