پێرێز ده‌یه‌وێت گۆرزێك له یانه‌ی بارسێلۆنا بوه‌شێنێت
K24 ـ ژووری هه‌واڵ
ڕۆژنامه‌نووسێكی هه‌رێمی كه‌ته‌لۆنیا هه‌وڵه‌كانی سه‌رۆكی یانه‌ی ریاڵ مه‌دریدی بۆ گواستنه‌وه‌ی یاریزانێكی یانه‌ی بارسێلۆنا ئاشكرا كرد، ئه‌و میدیاكاره پێیوایه پیرێز ده‌یه‌وێت به گواستنه‌وه‌ی ئه‌و یاریزانه باڵێكی یانه‌ی بلوگرانا بشكێنێت.
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه، 29 تشرینی دووه‌م/ نۆڤه‌مبه‌ری 2015، نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌نووس خافێر ماتالانس له ڕۆژنامه‌ی Sportـی كه‌ته‌لۆنیا ئاشكرای كرد كه فلۆرێنتینۆ پیرێز سه‌رۆكی یانه‌ی ریال مه‌درید هه‌وڵه‌كانی به نهێنی بۆ گواستنه‌وه‌ی نێیمار دا سیلڤای ئه‌ستێره‌ی به‌رازیلی یانه‌ی بارسێلۆنا ده‌ست پێكردووه.
ئه‌و ڕۆژنامه‌نووسه ئه‌وه‌یشی خستۆته ڕوو كه پێشتریش فلۆرێنتینۆ پیرێز زۆر نزیك بوو كه نێیمار له یانه‌ی سانتۆسه‌وه بۆ یانه‌ی ڕیال مه‌دریده‌وه بگوازێته‌وه، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی چاوه‌ڕواننه‌كراو به یانه‌ی بارسێلۆناوه به‌سترایه‌وه.
ئه‌و نووسه‌ره كه‌ته‌لۆنیاییه ده‌شڵێت: پیرێز پیاوێكی بازرگان و لێزانه، هه‌میشه خه‌ریكی سووپرایز و شتی چاوه‌ڕوواننه‌كراوه، ئه‌و ده‌یه‌وێت به كڕینی نێیمار هه‌موو لایه‌ك ئارام بكاته‌وه و ئاشته‌واییش بخاته نێو هانده‌ران و ڕیزه‌كانی یانه‌كه‌شی.
نێیمار یاریزانی به‌رازیلی ته‌مه‌ن 23 ساڵ له هاوینی 2013 له یانه‌ی سانتۆسه‌وه بۆ ریزه‌كانی یانه‌ی بارسێلۆنا گواستراوه‌ته‌وه، ئه‌م وه‌رزه‌یش به ئاستێكی باڵا ده‌ركه‌وتووه، له لالیگای ئیسپانیا له كۆی 13 یاری به 14 گۆڵ لوتكه‌ی گۆڵكارانی خوله‌كه‌ی گرتووه.