یانه‌ی ڕیال مه‌درید ئیباری بڕی

له‌ خانه‌ی سێیه‌می ڕیزبه‌ندی خوله‌كه‌ مایه‌وه‌

K24 ـ ژووری هه‌واڵ

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ له‌ میانه‌ی یارییه‌كانی گه‌ڕی سێزده‌یه‌می لالیگای ئیسپانیا، یانه‌ی ڕیال مه‌درید له‌ ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ی خۆی 3 خاڵی له‌ یانه‌ی ئیبار وه‌رگرت.

 

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌، 29 تشرینی دووه‌م/ نۆڤه‌مبه‌ری 2015، یانه‌ی ڕیال مه‌درید له‌ كات 6:00ـی ئێواره‌ له‌ هه‌رێمی باسك بووه‌ میوانی یانه‌ی ئیبار، یارییه‌كه‌شی به‌ دوو گۆڵی بێوه‌ڵام لێ برده‌وه‌.

گاریس به‌یل، ئه‌ستێره‌ی وێڵزی یانه‌ی ڕیال مه‌درید له‌ خولی 43ـی گێمی یه‌كه‌می یارییه‌كه‌ یانه‌كه‌ی به‌ گۆڵێك پێشخست.

دواتر له‌ خوله‌كی 82ـی یارییه‌كه، كریستیانۆ ڕۆناڵدۆ به‌ لێدانی سزا گۆڵی دووه‌می بۆ یانه‌كه‌ی زیاد كرد و كۆی گۆڵه‌كانیشی له‌م وه‌رزه‌ بۆ 9 گۆڵ به‌رز كرده‌وه‌، هه‌ڵبه‌ت له‌ دوای نێیمار و سوارێز پله‌ی سێیه‌می گۆڵكارانی خوله‌كه‌ی گرتووه‌.

 

دوای دۆڕاندنی دوو یاری لەسەر یەک لە لالیگا، كه‌ دوایین شكستی له‌ كلاسیكۆ بوو، یانەی ریال مەدرید سنوورێكی بۆ شكسته‌كانی دانا و به‌ بردنه‌وه‌ی له‌ یانه‌ی ئیبار به‌ 27 خاڵ له‌ خانه‌ی سێیه‌می ڕیزبه‌ندی خوله‌كه‌ مایه‌وه‌. له‌و كاته‌ی یانه‌ی بارسێلۆنا به‌ 33 خاڵ و ئاتله‌تیكۆ مه‌درید 29 خاڵ خانه‌كانی یه‌كه‌م و دووه‌می ڕیزبه‌ندییه‌كه‌ ده‌بینرێن. یانه‌ی ئیباریش به‌ 20 خاڵ به‌شێوه‌یه‌كی كاتی له‌ خانه‌ی حه‌وت دێت.