ئەڵمانیا لەگەڵ بەشداریکردنی هێزەکانی ئەسەدە لە شەڕی داعش

K24 – به‌رلين:

ئۆرسوڵا فۆن لییان، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا رایگەیاند، بە بیرێکی کراوە دەڕوانینە پرسی بەشداریکردنی هێزەکانی حکوومەتی سووریا لە شەڕی دژی داعش.

وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا لە دیمانەیەکی تەلەفزیۆنیدا راشیگەیاند، "چەند لایەن هەن لە نێو هێزەکانی سووریا دەکرێت تەواو هەماهەنگ بین لەگەڵیاندا، وەک ئەوەی لە عێراق روویدا و هێزی لۆکاڵیی لەوێ بە سەرکەوتوویی مەشقیان پێکرا، بەڵام بەشار ئەسەد ئایندەی نییە".

ئەم لێدوانانەی وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا لە کاتێکدایە لۆران فابیۆس، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا پێشتر رایگەیاندبوو، هەماهەنگیی لەگەڵ سوپای سووریا بۆ شەڕی دژی داعش رەوایە، بەڵام دەبێ دوای کشانەوەی بەشار ئەسەدی سەرۆکی سووریا بێت.

لێدوانەکانی وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا لە دوای لێدوانی سوپاسالاری ئەو وڵاتە هات، كه‌ گوتبووى: "ئەڵمانیا بە نیازە نزیکەی 1200 سەرباز و فڕۆکە و کەشتیی جەنگاوەر رەوانە بکات بۆ هاوکارییکردنی فەرەنسا لە شەڕی دژی داعش".