ئۆباما وپۆتین قەیرانی سووریا و دۆخی ئۆكراینا تاوتوێ دەکەن

یەکەمجارە دوای خستنەخوارەوەی فرۆکە رووسییەکە کۆدەبنەوە

باراک ئۆباما، سەرۆکی ئەمریکا و ڤلادیمیر پۆتین، سەرۆکی رووسیا لە پەراوێزی كۆنگرەی كەش و ھەوا لە پاریس قەیرانی سووریا و دۆخی ئۆكراینایان تاوتوێ کرد.

کۆبوونەوەکەی ئۆباما و پۆتین تەنیا نیو کاتژمێری خایاند و باسی سەرەکی نوێوانیان قەیرانی سووریا و دۆخی ئۆكراینا بوو. بەپێی سەرچاوەکان لە کۆبوونەوەکەدا ئۆباما بە پۆتینی ڕاگەیاندووە کە: لە چوارچێوەی گواستنەوەی دەسەڵات لە سووریا پێویستە بەشار ئەسەد، سەرۆكی سووریا دەستبەرداری دەسەڵات بێت.

ئۆمابا جەختی لە گەیشتن بە چارەیەكی دیبلۆماسی بۆ پرسی ئۆكراینا كردووەتەوە و باسی لابردنی سزاكانی سەر رووسیا كردووە ئەگەر مۆسكۆ پابەندی رێكەوتنی مینسك بێت.

هاوکات كۆشكی كرێملینی رووسیا رایگەیاند کە: ڤلادیمیر پۆتین و باراک ئۆباما كۆكن لەسەر پشتیوانیكردن بە ئاڕاستەی بەدیهێنانی رێكەوتنی سیاسی لە سووریا.

21 كۆنگرەی گۆڕانی كەش و ھەوا دوێنێ بە بەشداریی سەرۆکان و نوێنەرانی زیاتر لە 150 وڵات لە پایتەختی فەرەنسا دەستیپێکرد.