قاعيده هه‌ڕه‌شه له عه‌ره‌بستان ده‌كات

K24 – رياز:
باڵى يه‌مه‌نى رێكخراوى قاعيده له دوورگه‌ى عه‌ره‌ب، له به‌ياننامه‌يه‌كدا، هه‌ڕه‌شه‌ى له عه‌ره‌بستانى سعووديه كرد، به هۆى له‌سێداره‌دانى ئه‌ندامه ده‌ستگيركراوه‌كانى ئه‌و رێكخراوه له وڵاته‌كه‌يدا.
قاعيده، رايگه‌ياند، "به‌ڵێن ده‌ده‌ين، پێش وشكبوونه‌وه‌ى خوێنى ئه‌و ئه‌ندامانه‌مان تۆڵه له سه‌ربازانى عه‌ره‌بستان بكه‌ينه‌وه".
له چه‌ند رۆژى رابردوودا، عه‌ره‌بستان بڵاويكرده‌وه، ئاماده‌كارى بۆ جێبه‌جێكردنى سزاى له‌سێداره‌دان به‌سه‌ر 50 زيندانيدا ده‌كه‌ن، كه تۆمه‌تبارن به ئه‌نجامدانى كرده‌وه‌ى تيرۆريستى.
به گوێره‌ى راپۆرتى رێكخراوى لێبوردنى نێوده‌وڵه‌تى له سه‌ره‌تاى ئه‌مساڵه‌وه، عه‌ره‌بستانى سعوودييه، 151 كه‌سى له‌سێداره داوه و زۆرينه‌يان به تۆمه‌تى به‌كارهێنانى مادده‌ى هۆشبه‌ر بووه.