داهاتی نەوتی عێراق مانگی رابردوو زیاتر لە 3.5 ملیار دۆلار بووە

Kurd24

K24 – به‌غدا:

وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق رایگەیاند کە داهاتی نەوتی خاوی هەناردەکراوی عێراق مانگی رابردوو گەیشتە زیاتر لە  3 ملیار و 676 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی.

عاسم جیهاد، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەندراوێکدا راشیگەیاند: "قەبارەی نەوتی هەناردەکراوی لە بەندەرەکانی باشووری عێراقەوە لە مانگی تشرینی دووەمی رابردوو ئاستێکی پێوانەیی تۆمار کرد و گەیشتە 100 ملیۆن و 945 هەزار و 867 بەرمیل نەوت".

عاسم جیهاد گوتیشی: "داهاتی نەوتی خاوی هەناردەکراوی عێراق مانگی رابردوو گەیشتە 3 ملیار و 676 ملیۆن و 413 هەزار دۆلار و هەر بەرمیلێکی ئەو نەوتە بە 36 دۆلار و 420 سه‌نت فرۆشراوە".

گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق دەشڵێ: به ‌هۆی پابەندنەبوونی هه‌رێمی كوردستان بە رێككه‌وتننامه‌ی نه‌وت نه‌بووه‌، عێراق نەیتوانیوە به‌ رێگەی به‌نده‌ری جەیهانی توركیاوە نه‌وت هه‌نارده‌ بكات، ئه‌مه‌ش بووه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی عێراق رۆژانه‌ 550 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت كه‌متر هه‌نارده‌ بکات.

گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق ئاماژەش دەکات کە: تێكڕای به‌رهه‌می نه‌وتی عێراق لە مانگی رابردوو بەدەر له‌ هه‌رێمی كوردستان 3 ملیۆن و 657 به‌رمیل نه‌وت بووە.

ئەمە لە کاتێکدایە عادل عه‌بدولمه‌هدی، وه‌زیری نه‌وتی عێراق هەفتەی رابردوو رایگەیاند کە وڵاتەکەی هەوڵ دەدات تاوەکو ساڵی 2020 تێكڕای به‌رهه‌می نه‌وتی عێراق بگه‌یه‌نێته‌ 6 ملیۆن به‌رمیل لە رۆژێکدا، و ئاشکرای کرد کە: تێكڕای به‌رهه‌می نه‌وتی عێراق ئێستا 4 ملیۆن و 300 هه‌زار به‌رمیلە.