ئۆباما: له رێى توركياوه داعش نه‌وت ده‌فرۆشێت
K24 – پاريس:
سه‌رۆكى ئه‌مريكا، باراك ئۆباما، رايگه‌ياند، هێشتا هه‌ندێك گرفت له‌به‌رده‌م داخستنى سنوورى توركيا و سووريادا هه‌ن.
له ميانى به‌شداريكردنى له كاره‌كانى رۆژى دووه‌مى كۆنگره‌ى تايبه‌ت به كه‌شوهه‌وا له شارى پاريس، سه‌رۆكى ئه‌مريكا، گوتى: "هێشتا هه‌ندێك گرفت بوونه‌ته رێگر له‌وه‌ى به‌شێكى سنوورى نێوان توركيا و سووريا به ته‌واوى دابخرێت، به تايبه‌تى له‌و ناوچانه‌ى كه داعش لێيه‌وه نه‌وت ده‌فرۆشێت و چه‌كدارى زياتر كۆده‌كاته‌وه".
روونيشيكرده‌وه، له‌و باره‌يه‌وه زياتر له جارێك، له‌گه‌ڵ سه‌رۆكى توركيا ره‌جه‌ب ته‌يب ئه‌ردۆغان ئه‌و پرسه‌ى تاوتوێكردووه.
سه‌باره‌ت به په‌يوه‌ندييه‌كانى نێوان رووسيا و توركيا، ئۆباما رايگه‌ياند، پێويسته هه‌ردوو وڵات ئه‌و قه‌يرانه‌ى نێوانيان تێپه‌ڕێنن و بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر مێزى وتوێژ و سه‌رنجى زۆرتر بخه‌نه سه‌ر ئه‌و نه‌ياره هاوبه‌شه‌ى هه‌يانه.
روونيشيكرده‌وه، پێويسته روونتر قسه بكه‌ين، توركيا هاوپه‌يمان و ئه‌ندامى په‌يمانى باكوورى ئه‌تڵه‌سييه. ئه‌مريكا پشتيوانى له مافى به‌رگرى له خۆكردنى توركيا ده‌كات. به‌ڵام ئه‌وه‌ش ئاشكرايه كه هه‌مووان نه‌يارێكى هاوبه‌شيان هه‌يه و رێكخراوى ده‌وڵه‌تى ئيسلامييه و پێويسته هه‌مووان سه‌رنجى زۆرتر بخه‌ينه سه‌ر ئه‌و رێكخراوه و كار بۆ له‌ناوبردنى بكه‌ين.