سەنتەری كوردستان بۆجێندەرناسیی کرایەوە

بە مەبەستی ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستیی لە كۆمەڵگەدا و دەستنیشانكردنی ھۆكارەكانی، ئەمڕۆ سەنتەری كوردستان بۆجێندەرناسیی لە شارۆچکەی سۆران کرایەوە.

K24- سۆران

بە مەبەستی ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستیی لە كۆمەڵگەدا و دەستنیشانكردنی ھۆكارەكانی، ئەمڕۆ سەنتەری كوردستان بۆجێندەرناسیی لە شارۆچکەی سۆران کرایەوە.

دكتۆر ھەژار ئەحمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانكۆی سۆران بە (كوردستان 24) رایگەیاند: "بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی زانستییانە ھۆكارەكانی توندوتێژیی جێندەریی لە كۆمەڵگە دەستنیشان بكرێن، پێویستە توێژینەوەیان لەسەر بكرێت، بۆیە ئەركی ئەو سەنتەرە ئەوە دەبێ توێژینەوەی زانستیی لەسەر توندووتیژییەكانی كۆمەڵگە بكات و ھۆكارەكانی دیاری بكات و دواتر ئاراستەی لایەنی پەیوەندیداری دەكات".

بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانكۆی سۆران رونیشی كردەوە کە: ئەو سەنتەرە تایبەت نییە بە كاركردن لەسەر توندووتیژیی دژی ژنان، بەڵكوو توێژینەوە لەسەر توندووتیژیی دژی ھەردوو رەگەز دەكات.

لە بارەی ھاوكار و پشتیوانانی ئەو سەنتەرە دكتۆر ھەژار ئەحمەد گوتی: حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و رێکخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان ھاوكاریی و پشتیگریی ئەو پڕۆژەیە دەكەن.

لە چەند ساڵی رابردوودا چەندین سەنتەر و رێكخراو بۆ بەرگریكردن لە مافی مرۆڤ و رێگەگرتن لە توندووتیژییەكان لە هەرێمی کوردستان دامەزراون كە زۆربەیان هەڵگری دروشمی بەرگریكردنن لە مافەكانی ژنان، بەڵام ھێشتا رێژەی حاڵەتەكانی توندووتیژیی ھێندە كەم نەبوونەتەوە.