ئێران.. كهسێكى دیكە لە سێدارە درا
K24 – تاران:
رێكخراوی مافی مرۆڤی ئێران رایگەیاند، ھاووڵاتیەكی ئەمریكايی بە رهچهڵهك ئێرانی لە زیندانی رەجایی شاری كەرەج، لەسێدارە درا.
بەگوێرهى راگەیاندراوی رێكخراوی مافی مرۆڤی ئێران، ھاووڵاتیەكی ئەمریكايی به رهچهڵهك ئێرانی، بە ناوی حەمید سەمیعی، بە تۆمەتی كوشتنی بە ئەنقەست دەستگیركرابوو، بەڵام چارەنووسی نادیاربوو و ئێستا ئاشكرا بووه، كه مانگی رابردوو لە زیندانی رەجایی شاری كەرەج لەسێدارە دراوە.
بنەماڵەی سەمیعی رایانگەیاندووە، پۆلیسی ئەمریكا تۆمەتی كوشتنی بە ئەنقەستی نەداوەتە پاڵ ناوبراو، بەڵام لە دادگای ئێران تاوانباركرا و حوكمی لەسێدارەدانی بۆ دەركرا.
حەمید سەمیعی تۆمهتبار بوو بە كوشتنی ھاووڵاتییەكی ئێرانی لە ویلایەتی كالیفۆرنیای ئەمریكا، ساڵی 2009 لە سهردانێكدا بۆ ئێران لەلایەن پۆلیسی ئێرانەوە دەستبەسەركرا و بە بڕیاری دادگا زیندانیكراو حوكمی لە سێدارەدانی بۆدرا.
رێكخراوەكانی داكۆكیكار لە مافەكانی مرۆڤ، ناڕەزای دژ بە بڕیاری لە سێدارەدان لە ئێراندا دەردەبڕن، بەڵام تا ئێستا لە سێدارەدان وهك سزايهك بهسهر "تاوانباران"دا جێبهجێدهكرێت.