جەعفەر مستەفا لە ئیتاڵیا: داوای پشتیوانی بۆ پێشمەرگە دەكەین

رۆما لە مەترسیەكانی داعش و پێداویستیەكانی پێشمەرگە تێدەگات

K24- رۆما:

ئەندامی شاندی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ رۆما و فەرماندەی ھێزەكانی 70ی پێشمەرگە، جەعفەر مستەفا، رايگه‌ياند، لە ئیتاڵیا داوای پشتیوانی وھاوكاری بۆ ھێزی پێشمەرگە دەكەین.

لە لێدوانێكیدا بۆ كوردستان24، جەعفەر مستەفا، ئەندامی شاندی وەزارەتی پێشمەرگە گوتى: "لە كۆبوونەوەكانمان لەگەڵ بەرپرسانی ئيتاڵيا داوای ھاوكاری و پێداویستی زیاتر بۆ میللەتەكەمان و پێشمەرگە دەكەین، ھەر شتێك كە بۆ نەھێشتنی  داعش لە ناچەكە گەرەكمانە داوای دەكەین".

ئەو ئەندامەی شاندی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ رۆما، ئاماژەشی بۆ ئەوەكرد تیمە سەربازییەكانی ئیتاڵیا لە ھەرێمی كوردستانن، ئەوان لە مەترسیەكانی رێكخراوی داعش و پێداویستیەكانی پێشمەرگە تێدەگەن.

هه‌روه‌ها گوتى: "ھەڕەشەكانی ئەم دوایيه‌ى داعش لەسەر پاریس و ئەوروپا، ھاندەرە بۆ ھاوكاریكردنی زیاتری ئەو وڵاتە بۆ ھێزی پێشمەرگە".

لە سەرەتای ھێرشەكانی داعشدا بۆ سەر ھەرێمی كوردستان، ئیتاڵیا ھاوكاری سەربازی پێشكەش بە ھێزی پێشمەرگە دەكات، دوێنێش شاندێكی وەزارەتی پێشمەرگە بە سەرۆكایەتی كەریم سنجاری، وەزیر پێشمەرگە به‌ وه‌كاله‌ت سەردانی رۆمایان كرد و چەند دیدار و چاوپێكەوتنێكان لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە ئەنجامدا.

زانيارى زياتر له‌م ڤيديۆيه‌دايه‌: