جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی رووسیا لەبارەی کوردەوە بۆ کوردستان 24 دەدوێ

"ئەوەی ئێستا توركیا دەیكات لە دژایەتیكردنی هێزە كوردییه‌كان دژی ئامانجەكانمانە"

K24- مۆسكۆ

جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی رووسیا رایگەیاند رووسیا و وڵاتانی دیکە باش تێدەگەن كە بەشداریی هێزه‌ كوردییه‌كان بۆ له‌ ناوبردنی داعش چەند گرنگە و ئەوەی ئێستا توركیا دەیكات لە دژایەتیكردنی هێزە كوردییه‌كان دژی ئامانجەكانمانە.

ژیلێزنیاك سێرگێی ڤلادیمیرۆڤیچ، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی رووسیای فیدراڵ لە دیمانەیەكی تایبەتدا لەگەڵ (كوردستان 24) رایگەیاند: "هێزە كوردییەكان بەهێزترین و باشترین هێزی سەربازین كە دژی تیرۆریزمی جیهانیی ده‌جەنگن و رووسیا و وڵاتانی دیکە باش تێدەگەن كە بەشداریی هێزه‌ كوردییه‌كان بۆ له‌ ناوبردنی داعش چەند گرنگە".

جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی رووسیا دەشڵێ: "ئەوەی ئێستا توركیا دەیكات لە دژایەتیكردنی هێزە كوردییه‌كان دژی ئامانجەكانمانە. ئێمه‌ دەبێ هێزەكانی خۆمان یەكبخەین بۆ ئەوەی تیرۆریزمی نێودەوڵه‌تیی لەناو ببەین، ئەمە کارێکی ئەستەم نییە و دەتوانین ئەم كارە بكەین، تەنیا بە رێگەی یه‌كخستنی هێزەكانمان و هێزی سوپای سووریا و هێزەكانی خۆپاراستنی كورد لەگەڵ پاڵپشتیی هێزی ئەسمانیی رووسیا دەتوانین ئەم ئامانجە بپێکین".

لە وەڵامی ئەوەی ئایا دوای رووداوی خستنەخوارەوی فڕۆكەکەی رووسیا لە لایەن توركیاوە و تێكچوونی پەیوەندیی نێوانیان، مۆسكۆ هەوڵدەدات كورد وه‌ك كارتێك له‌ دژی ئه‌نقه‌ره بەکاربهێنێ‌؟ ژیلێزنیاك گوتی: "كورد فاكتەرێكه‌ بوونی خۆی هەیە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، نادیده‌گرتنی ملیۆنان كورد لە رۆژهەڵاتی ناویندا جێگەی سەرسورمان ده‌بێ و دوای لەناوبردنی داعش لە نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوه‌ڕاستدا پێویستە مافە یاساییه‌كانی گەلی كورد له‌به‌رچاو بگیرێن و بپارێزرێن".

لە وەڵامی ئەوەی بۆ تا ئیستا رووسیا ھاوكاریی پێشمەرگەی نەكردووە؟ جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی رووسیا دەڵێ: "رووسیا پشتگیریی هێزه‌كانی خۆپاراستنی كورد ده‌كات ئەم پشتگیرییە بە چەند شێوەیەکە و لە هەموو پشتگیرییەكانیدا رووسیا رێز لە یاسای نێودەوڵەتیی دەگرێت".