لە دووساڵدا 47 رووداو بەهۆی مینەوە لە ھەرێمی كوردستان روویانداوە

"حەوت كەس گیانیان لە دەستداوە"

K24- ھەولێر

بەپێی داتاكانی دەزگای گشتیی كاروباری مین لە ھەرێمی كوردستان لە دووساڵدا 47 رووداو بەهۆی مینەوە لە هەرێم روویانداوە و بوونەتە هۆی گیان لە دەستدانی 7 كەس.

رەنجبەر خالید، بەڕێوەبەری پاڵپشتیی قوربانیان لە دەزگای گشتیی كاروباری مین لە ھەرێمی كوردستان بە (كوردستان24)ی راگەیاند: "لە ساڵی 2014، 31 رووداو بەهۆی مینەوەمان تۆمار کردووە و بەهۆی ئەو رووداوانەوە پێنج كەس گیانیان لە دەستداوە و 26ی دیکەش برینداربوونە".

لە بارەی رووداوەكانی ساڵی 2015 بەرپرسەکەی دەزگای مین گوتی: "لە 11 مانگی رابردووی ئەمساڵدا 16 رووداو بەهۆی مینەوە لە ھەرێمی كوردستان تۆماركراون، كە بوونەتە هۆی گیان لە دەستدانی دو کەس و برینداربوونی 14 دیکە".

مین و پاشماوەی تەقەمەنییەکان لە باشوری کوردستان ساڵانە دەبنە هۆی دەیان رووداو کە کوژرا و برینداریان لێدەکەوێتەوە و زۆربەی ئەو مینانە هی سەردەمی شەڕی نێوان عێراق ئێرانە.

بەپێی راپۆرتێكی نووسینگەی نەتەوە یەكگرتووەكان تایبەت بە رێكەوتننامەی نێودەوڵەتیی قەدەغەكردنی مینی دژە مرۆڤ، رۆژانە لە جیهاندا 10 كەس دەبنە قوربانیی مین و لە راپۆرتەكەدا هاتووە کە لە ماوەی نێوان ساڵانی 1991 تاوەکوو 2007، 14 هەزار كەس لە عێراق بەهۆی مینەوە گیانیان لە دەستداوە.