ئيستەنبوڵ.. ژنێك كوژرا و 3 كەس دەستگیركران

بە گومانی بوونی ئەندامانی پەكەكە ھێزە ئەمنیەكانی توركیا ھەڵیان كوتایە سەرماڵێك.

K24- ئيستەنبوڵ:

هێزە ئەمنیيەكانی توركیا لە ئيستەنبوڵ بە گومانی بوونی ئەندامانی پەكەكە ھەڵیانكوتایە سەر ماڵێك، لە ئەنجامی تەقەكردن ژنێك گيانى له‌ده‌ستدا.

شەوی رابردوو پۆلیس و ھێزە ئەمنیيەكانی توركیا لە ئيستەنبوڵ، لە ناوچەی "سانجاکتەپە" دوای ئەوەی زانیاریان پێدەدرێت، كە ئەندامانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لە ماڵێكدا ھەن، رێو شوێنی ئەمنی دەگرنەبەر لەو ناوچەیە و ھەڵدەكوتنە سەر ماڵەكە.

لە كاتی كۆنترۆڵكردنی دەوروبەری خانووەكە و تەقەكردن، لە لایەن ئەو كەسانەی لە خانووەكەدان بەرپەرچی ھێزە ئەمنیەكان دەدرێتەوە و دەركەوتووە كە ئەوان ئەندامانی پەكەكەن.

لە ئەنجامی شەڕ و تەقەكردن لە ناوخانووەكەدا ژنێك بەناوی "دیلان جانێ" گیانی لە دەستداوە، پۆلیس 3 كەسی دیكەشی دەست بەسەركردن، بەڵام تا ئێستا نەزانراوە كە ئەو ژنەی گیانی لە دەستداوە، سەر بە پارتی كرێكارانی كوردستانە یان يه‌كێكه‌ له‌ ئه‌ندامانى خێزانى ماڵه‌كه‌.

دوای ھەڵبژاردنی دووبارەی پەرلەمانی توركیا لە 1ی تشرینی دووەم/ نۆڤەمبەری 2015، شەڕ لە نێوان ھێزە ئەمنيی و سەربازییەكانی توركیا و پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) چڕتر بووە، ژمارەی ھێرشەكانی فڕۆكە جەنگیەكانی توركیاش بۆ سەر بنكە و بارەگاكانی پەكەكە زیاتر بوونه‌.

ھاوسەرۆكایەتی كۆماجڤاكێن كوردستان (كەجەكە) بە فەرمی ئاگربەستە يه‌ك لایەنەكی خۆى هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌، كه‌ پێش به‌ڕێوه‌چوونى پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردن رايگه‌ياندبوو و چالاكیيە سەربازییەكانیان لە سەرسنوورەكان و ناوشارەكانی باكووری كوردستان دەستپێكردەوە.

لەو ماوەیەشدا پۆلیس و ھێزە ئەمنیيەكانی توركیا لە شارەكان و بە تایبەتی لە شارە كوردییەكانی باكووری كوردستان بەردەوامن لە ئه‌نجامدانى ئۆپەراسیۆن بۆ دەستبەسەركردنی ئەندامانی پەكەكە.