به‌ ژماره‌.. توركيا چى له‌ خستنه‌خواره‌وه‌ فڕۆكه‌ رووسيه‌كه‌ ده‌چنێته‌وه‌

توركيا چ زيانێكى به‌رده‌كه‌وێت و په‌يوه‌ندييه‌ ئابوورييه‌كانى ئه‌و دوو وڵاته‌ له‌سه‌ر چ بنه‌مايه‌ك دامه‌زراوون

K24- ئه‌نقه‌ره‌:

په‌يوه‌ندييه‌كانى رووسيا و توركيا له‌ دواى 24ى نۆڤه‌مبه‌ره‌وه‌، پێيان ناوه‌ته‌ قۆناغێكى نوێوه‌. رووسيا ژماره‌يه‌ك سزاى ئابوورى به‌سه‌ر توركيادا سه‌پاند. له‌و نێوه‌نده‌دا توركيا چ زيانێكى به‌رده‌كه‌وێت و په‌يوه‌ندييه‌ ئابوورييه‌كانى ئه‌و دوو وڵاته‌ له‌سه‌ر چ بنه‌مايه‌ك دامه‌زراوون.. رووسيا تا چه‌ند ده‌توانێت ئازارى توركيا بدات و خۆى چ ئازارێك ده‌چێژێت..

رووسيا و توركيا له‌م بوارانه‌دا پڕۆژه‌ى هاوبه‌ش و په‌يوه‌ندييان هه‌يه‌:

يه‌كه‌م: غاز و پرۆژه‌ى هاوبه‌ش له‌ بوارى وزه‌دا.

دووه‌م: ئاڵوگۆڕى بازرگانى.

سێيه‌م: بوارى وێستگه‌ى ناووكى.

چواره‌م: گه‌شتوگوزار و گه‌شتيارانى رووسيا.

پێنجه‌م: وه‌به‌رهێنانى دوولايه‌نه‌.

شه‌شه‌م: غازى رووسيا.

-----------------------

يه‌كه‌م: غاز و پرۆژه‌ى هاوبه‌ش له‌ بوارى وزه‌دا:

رووسيا به‌ سه‌رچاوه‌ى سه‌ره‌كى گازى سرووشتى بۆ توركيا هه‌ژمار ده‌كرێت و ئه‌نقه‌ره‌ به‌ رێژه‌ى %57 پشت به‌ گازى سرووشتى رووسيا ده‌به‌ستێت. به‌ رێژه‌ى %3 ش پشت به‌ سووته‌مه‌نى و نه‌وتى رووسيا ده‌به‌ستێت. كه‌واته‌ ئه‌گه‌ر رووسيا بڕيارى راگرتنى گازه‌ سرووشتييه‌كه‌ى بۆ توركيا بدات، زيانمه‌ندى يه‌كه‌م توركيا ده‌بێت.

رووسيا و توركيا له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنى پڕۆژه‌ى رێگه‌ى توركيا بۆ غاز رێككه‌وتوون، كه‌ چوار هێڵى سه‌ره‌كى ده‌گرێته‌ خۆى و يه‌كێكيان به‌ قه‌باره‌ى 15.75 مليار مه‌تر چوارگۆشه‌ غاز ده‌گوازێته‌وه‌ و له‌ رووسياوه‌ به‌ ده‌رياى ره‌شدا راسته‌خۆ ده‌گاته‌ توركيا.

ته‌واوكردنى ئه‌و پڕۆژه‌يه‌ ده‌بێته‌ هۆى ئه‌وه‌ى رووسيا به‌ نرخێكى هه‌رزانتر غازه‌كه‌ى بگه‌يه‌نێته‌ توركيا.

هێڵێكى ديكه‌يان به‌ قه‌باره‌ى 50 مليار مه‌ترى چوارگۆشه‌ غاز ده‌گرێت و له‌ توركياوه‌ درێژده‌بێته‌وه‌ بۆ يۆنانستان و غازى رووسيا ده‌گه‌يه‌نێته‌ ئه‌وروپا.

له‌وه‌شدا توركيا رۆڵى دابه‌شكردنى غازى رووسيا له‌ ئه‌ستۆ ده‌گرێت و ده‌رفه‌تى كارى زۆرتر ده‌ڕه‌خسێنێت و  پڕۆژه‌ى وه‌به‌رهێنانى زۆرتر بۆ توركيا فه‌راهه‌مده‌كات.

دووه‌م: ئاڵوگۆڕى بازرگانى:

به‌ گوێره‌ى دوايين ئامار، ئاستى ئاڵوگۆڕى بازرگانى نێوان هه‌ردوو وڵات گه‌يشتووه‌ته‌ 33 مليار دۆلار.

ئاستى هه‌نارده‌ى رووسيا بۆ توركيا گه‌يشتووه‌ته‌ %80 و ئه‌مه‌ش ئاماژه‌يه‌ بۆ ئه‌وه‌ى رووسياش زيانى زۆرى به‌رده‌كه‌وێت، ئه‌گه‌ر په‌يوه‌ندييه‌ بازرگانييه‌كانى له‌گه‌ڵ توركيا هه‌ڵپه‌سێرێت، به‌ تايبه‌تى له‌ كاتێكدا كه‌ رووسيا سزاى خۆرئاواييه‌كانيشى له‌سه‌ره‌.

توركيا به‌ حه‌فته‌م وڵاتى هاوبه‌شى بازرگانى توركيا و دووه‌م بازارى هه‌نارده‌ له‌ دواى ئه‌ڵمانياوه‌ دێت.

له‌ ئه‌يلوول/ سێپتێمبه‌رى رابردوودا، هه‌ريه‌ك له‌ سه‌رۆكى توركيا ره‌جه‌ب ته‌يب ئه‌ردۆغان و سه‌رۆكى رووسيا ڤلاديمێر پۆتين، رێككه‌وتنێكيان واژوو كرد بۆ ئه‌وه‌ى ئاستى ئاڵووێرى بازرگانى نێوان وڵاته‌كانيان تا ساڵى 2023 بگه‌يه‌ننه‌ 100 مليار دۆلار.

سێيه‌م: بوارى وێستگه‌ى ناووكى:

هه‌ردوو وڵات له‌ نيسانى رابردوو، رێككه‌وتن، رووسيا وێستگه‌يه‌كى ناووكى بۆ به‌رهه‌مهێنانى وزه‌ى كاره‌با بۆ توركيا دابمه‌زرێنێت. به‌ جۆرێك وێستگه‌كه‌ تواناى به‌رهه‌مهێنانى 4 هه‌زار و 800 مێگاوات كاره‌باى هه‌بێت.

پڕۆژه‌كه‌ له‌ شارى مارسين ئه‌نجامده‌درێت و وه‌به‌رهێنان تێيدا گه‌يشتووه‌ته‌ 22 مليار دۆلار و كۆمپانياى رووسيايى روساتۆم بنياتى ده‌نێت و چاوه‌ڕوانده‌كرێت له‌ 2019دا بكه‌وێته‌ بوارى خزمه‌تكردنه‌وه‌.

وه‌زيرى وزه‌ى توركيا له‌و باره‌يه‌وه‌ رايگه‌ياندبوو، به‌ ته‌واوكردنى ئه‌و پڕۆژه‌يه‌، توركيا ده‌بێت دووه‌م وڵات له‌ دواى چينه‌وه‌ له‌ رووى به‌رهه‌مهێنانى وزه‌ى كاره‌با و يه‌كه‌م له‌ ئاستى ئه‌وروپا.

گرنگى پڕۆژه‌كه‌ وايكردووه‌، سه‌رۆكى توركيا دواى تێكچوونى په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ رووسيا رايگه‌ياند، په‌نا بۆ وڵاتى ديكه‌ ده‌بن بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و پڕۆژه‌يه‌ ته‌واو بكه‌ن.

وێستگه‌ى ئاك كويوى ناووكى:

رووسيا رايگه‌ياندووه‌، وڵاته‌كه‌ى به‌ هه‌موو پڕۆژه‌ هاوبه‌شه‌كانى له‌گه‌ڵ توركيادا ده‌چێته‌وه‌ و له‌ ناويشياندا دامه‌زراندنى وێستگه‌ى ئاك كويو، كه‌ يه‌كه‌م وێستگه‌ى ناووكى توركيايه‌ و 4 سه‌نته‌رفيوزى هه‌يه‌ و تواناى به‌رهه‌مهێنانى 1200 مێگاوات كاره‌باى هه‌يه‌.

 چواره‌م: گه‌شتوگوزار و گه‌شتيارانى رووسيا:

له‌ 2014دا، 4 مليۆن و 500 هه‌زار گه‌شتيارى رووسيايى روويان له‌ توركيا كردووه‌، له‌ كۆى 42 مليۆن گه‌شتيار كه‌ سه‌ردانى توركيايان له‌و ساڵه‌دا كردووه‌ و به‌و پێيه‌ رێژه‌ى گه‌شتيارانى رووسيايى بۆ توركيا له‌ سه‌دا 12.2 بووه‌. واته‌ له‌ دواى ئه‌ڵمانياييه‌كان، رووسياييه‌كان به‌ پله‌ى دووه‌م هاتوون له‌ رووى گه‌شتكردن بۆ توركيا. بڕى 36 مليار دۆلار داهاتيان خستووه‌ته‌ ده‌ست توركيا. به‌ راگرتنى گه‌شته‌كانى رووسيا بۆ توركيا، ئه‌نقه‌ره‌ زيانێكى زۆرى به‌رده‌كه‌وێت.

پێنجه‌م: وه‌به‌رهێنانى دوولايه‌نه‌:

قه‌واره‌ى وه‌به‌رهێنانى راسته‌وخۆى رووسيا له‌ توركيا له‌ ماوه‌ى 9 مانگى ئه‌مساڵ گه‌يشتووه‌ته‌ 755 مليۆن دۆلار و پله‌ى چواره‌مى هه‌بووه‌ له‌ قه‌واره‌ى وه‌به‌رهێنه‌نانى بيانى له‌ ناو توركيا و دواى هه‌ريه‌ك له‌ ئيسپانيا و ئه‌مريكا و هۆڵه‌نداوه‌ بووه‌.

شه‌شه‌م: غازى رووسيا.

به‌ راى شاره‌زايان، كه‌وتنه‌خواره‌وه‌ى فڕۆكه‌ رووسيايه‌كه‌، كاريگه‌رى له‌سه‌ر ئاينده‌ى پرۆژه‌ى ناردنى غازى رووسيا بۆ ئه‌وروپا هه‌يه‌ و ئه‌گه‌ر ئه‌و پڕۆژه‌ ته‌واو بوايه‌، ساڵانه‌ رووسيا ده‌يتوانى 63 مليار مه‌تر سێجا غاز هه‌نارده‌ى ئه‌وروپا بكات.

ژماره‌كان له‌ لايه‌نى توركياوه‌:

ژمارهى گه‌شتيارانى رووسيا بۆ توركيا

له‌ ساڵى 2012 ژماره‌ى گه‌شتياران 3.6 مليۆن كه‌س.

له‌ ساڵى 2013 ژماره‌ى گه‌شتياران 4.3 مليۆن كه‌س.

له‌ ساڵى 2014 ژماره‌ى گه‌شياران 4.5 مليۆن كه‌س.

له‌ ساڵى 2015، هه‌تا مانگى ئه‌يلول، ژماره‌ى گه‌شتياران3.3 مليۆن كه‌س.

قه‌باره‌ى هه‌نارده‌ى توركيا بۆ رووسيا:

له‌ بوارى كشتوكاڵ و به‌رهه‌مى ئاژه‌ڵى: 1 مليار و 68 مليۆن دۆلار.

له‌ بوارى رستن و چنين: 910 مليۆن دۆلار.

له‌ بوارى ئۆتۆمبێل: 680 مليۆن دۆلار.

له‌ بوارى بزوێنه‌ر و ئامێره‌كاندا: 610.7 مليۆن دۆلار.

له‌ بوارى به‌رهه‌مى كيمياييدا: 378.6 مليۆن دۆلار.

له‌ بوارى پۆشاك و جلوبه‌رگدا: 303.2 مليۆن دۆلار.

له‌ بوارى پلاستيكدا: 297.7 مليۆن دۆلار.

كۆى گشتى هه‌نارده‌ى توركيا بۆ رووسيا: 5 مليار و 943 مليۆن دۆلار.

توركيا پله‌ى حه‌وته‌مى هه‌يه‌ له‌ هه‌نارده‌كاران بۆ رووسيا و كۆمپانيا توركييه‌كان به‌ بڕى 3.9 مليار دۆلار وه‌به‌رهێنان له‌ رووسيادا ده‌كه‌ن و 47 پرۆژه‌يان له‌به‌ر ده‌سته‌ و 700 فرۆشگه‌ى توركيى له‌ رووسيا هه‌ن و ته‌نيا له‌ 2015 دا و تا مانگى ئۆكتۆبه‌ر، 18 هه‌زار خانوو و شوققه‌ له‌ توركيا فرۆشراوون به‌ كه‌سانى خاوه‌ن ره‌گه‌زنامه‌ى رووسيا.

ماڵپه‌ڕى كوردستان 24.