زێباریی: دەرماڵەمان لە پلەبەندیی مووچەدا کەمنەکردووەتەوە

هۆشیار زێباریی، وەزیری دارایی عێراق رایگەیاند عێراق خاوەنی زیاتر لە 17 ملیۆن فەرمانبەر و خانەنشینکراوە، جەختیشی کرد کە ئەوان دەڕماڵەیان لە پلەبەندیی مووچەدا کەمنەکردووەتەوە.

هۆشیار زێباریی لە دیمانەیەکی تەلەفزیۆنیدا راشیگەیاند: "عێراق زۆرترین فەرمانبەر و خانەنیشینکراوی هەیە لە ئاستی جیهان، چونکە عێراق خاوەنی زیاتر لە 17 ملیۆن فەرمانبەر و خانەنشینکراوە  و لەگەڵ ئەوەشدا دەڕماڵەمان لە پلەبەندیی مووچەدا کەمنەکردووەتەوە، بگرە کەمکردنەوەکە تەنها مووچەی بنەڕەتیی دەگرێتەوە".

زێباریی گوتیشیی: عێراق سەرکەوتوو بوو لە راگرتنی هەڵاوسانی ئابووریی، چونکە سیاسەتی بانکی ناوەندیی سەرکەوتووە، فرۆشتنی دراوی بیانیش لە لایەن بانکی ناوەندییە پێویستە بەردەوام بێت، بەڵام دەبێ بەپێی رێنەمایی دیاریکراو بێت.

وەزیری دارایی عێراق ئاماژەشی کرد کە: زیاتر لە 20% بودجە بۆ پرسی ئاسایش تەرخان کراوە و رووبەڕووبونەوەی داعش و بەدیهێنانی ئاسایشی نێوخۆ پرسی هەرە لە پێشە لای حکوومەت و وەزارەت هەموارەکانی بودجەی 2016 بۆ پەرلەمان دەنێرێ و وەزارەت داوای کەمکردنەوەی خەرجییەکان دەکات لە بودجە".