عەلاوی: رێرەوی من لە رێرەوی مالیكی و عەبادیی جیاوازە

ئەیاد عەلاوی، سەرۆکی هاوپەیمانیی وەتەنییە رایگەیاند پەرلەمانی عێراق پەلەی کرد لەوەی دەسەڵاتەکانی رادەستی حەیدر عەبادیی، سەرۆك وەزیران و ئەو راسپاردنەش لە بنەڕەتدا هەڵەبوو

K24

ئەیاد عەلاوی، سەرۆکی هاوپەیمانیی وەتەنییە رایگەیاند پەرلەمانی عێراق پەلەی کرد لەوەی دەسەڵاتەکانی رادەستی حەیدر عەبادیی، سەرۆك وەزیران و ئەو راسپاردنەش لە بنەڕەتدا هەڵەبوو.

ئەیاد عەلاوی لە دیمانەیەکی تەلەفزیۆنیدا پرۆسەی چاكسازیی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە پرۆسەی کەمکردنەوەی خەرجییەکان ناودەبات و دەڵێ: "پرۆسەیەکی بێ بەرنامە و شکستخواردوو بوو دوور لە چاكسازیی سیاسیی و كارگێریی و ئابووریی".

سەبارەت بە پۆستی فەرمیی خۆی عەلاوی دەشڵێ: "بەپێی دەستوور من ھێشتا جێگری سەرۆك كۆمارم و ئەوەی روویدا تەنیا بەشێكە لەم بشێوییەی كە وەڵاتەكەمان پێیدا تێدەپەڕێت. عەلاوی رەتیشیكردەوە بەنیاز بێت تانە لە بڕیاری هەڵوەشاندنەوە پۆستکەی بدات و ئاماژەی کرد کە ئەو لە مانگی پێنجی ساڵی 2015وە دەست لە کارکێشانەوەی خۆی پێشكەشی سەرۆك كۆمار كردووە.

ئەمە لە کاتێکدایە پێشتر حەیدەر عەبادیی، سەرۆک وەزیرانی عێراق هەڵمەتێکی "چاکسازیی" راگەیاند و پۆستی جێگرانی سەرۆک کۆماری عێراقی هەڵوەشاندەوە، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی ئەیاد عەلاوی، کە ئەوکات جێگری سەرۆک کۆمار بوو رەخنەی توند لە عەبادیی و هەڵمەتەکەی بگرێ.