ئۆباما لەبارەی هێرشەکەی كالیفۆرنیا وتارێك پێشکەش دەکات

K24

كوشكی سپی رایگەیاند سەرۆكی ئەمریكا ئەمڕۆ وتارێك پێشكەش دەکات لە بارەی دوایین پێشھاتەكانی لێكۆڵینەوە لە هێرشەکەی ویلایەتی كالیفۆرنیا كە بووە هۆی کوژرانی 14 كەس.

بەپێی راگەیەندراوەکەی كوشكی سپی، بڕیارە باراك ئۆباما، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، بەشێك لە وتارەكەی بۆ ئاخاوتن لەسەر تیرۆر تەرخان بکات.

هاوکات چاوەڕوان دەکرێت ئۆباما لە وتارەكەیدا باسی فراوانبوونی ھەڕەشەی تیرۆر و سرۆشتی تیرۆر و چۆنێتی گەشەسەندن و چۆنێتی لەناوبردنی تیرۆر بکات.

هەفتەی رابردوو دوو کەس بە دەسترێژی گوللـە هێرشیان کردە سەر هاوڵاتیانی سڤیل لە شاری سان بێرناردینۆ لە ویلایەتی كالیفۆرنیای ئەمریکا و بوونە هۆی کوژرانی 14 كەس و برینداربوونی 17ی دیکە. دوێنێش رێکخراوی داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە ئەنجامدانی ئەو هێرشە راگەیاند.