بە ڤیدیۆ .. هێرشکەرێک بە چەقۆ سێ کەس لە ناوجەرگەی لەندەن بریندار دەکات

دژە تیرۆری بەریتانیا: هێرشەکە تیرۆریستییە

K24

ئەمڕۆ کەسێک لە نێو ویستگەیەکی میترۆ لە پایتەختی بەریتانیا بە چەقۆ هێرشی کردە سەر خەڵکی سڤیل و سێ کەسی بریندار کرد و بەپێی دەزگاکانی راگەیاندن هێرشکەرەکە گوتوویەتی ئەمە لە پێناوی سووریایە.

بەپێی کەناڵەکانی راگەیاندن لە بەریتانیا: ئەمڕۆ کەسێک لە نێو ویستگەیەکی میترۆ لە رۆژهەڵاتی پایتەختی بەریتانیا بە چەقۆ هێرشی کردە سەر خەڵکی سڤیل و سێ کەسی بریندار کرد و بەپێی دەزگاکانی راگەیاندن هێرشکەرەکە گوتوویەتی ئەمە لە پێناوی سووریایە، دواتر پۆلیس هێرشکەرەکەی دەستگیر کرد و راگەیاند کە: "هێرشەکە تیرۆریستییە".

پۆلیسی بەریتانیا لەبارەی هێرشەکەوە رایگەیاند: هێرشکەرەکە کە پیاوە هەڕەشەی لە خەڵکی دیکەش کردووە و یەکێک لە قوربانییەکانی هێرشەکە برینەکانی سەختن و برینەکانی دوو قوربانییەکەی دیکەش سووکن.

هاوکات ریچارد واڵتۆن، فەرماندەی فەرماندەیی دژە تیرۆری لەندەن لە راگەیەندراوێکدا گوتی: "وەک رووداوێکی تیرۆریستیی دەروانینە ئەم رووداوە".

رۆژنامەی گاردیانی بەریتانیش لە زاری شایەدحاڵێکەوە رایگەیاند کە: "هێرشکەرەکە گوتوویەتی ئەمە تۆڵەی ئەو هێرشانەیە کە رۆژئاوا دەیکاتە سەر توندڕەوە ئیسلامییەکان لە سووریا".

ئەمە لە کاتێکدایە لە 3ی ئەم مانگەدا پەرلەمانی بەریتانیا بڕیاری دەیڤید كامیرۆن، سەرۆك وەزیرانی بەریتانیای بۆ بەشداریكردن لە ھێرشکردنە سەر داعش لە سووریا پەسەند کرد و دوای چەند کاتژمێرێکیش فڕۆکە جەنگییەکانی بەریتانیا هێرشەکانیان بۆ سەر مۆڵگەکانی داعش لە سووریا دەستپێکرد.