لە شاری نسێبین جارێكی دیكە ھاتووچۆ قەدەغەكرا

بۆ لابردنی بەربەست و پڕكرنەوەی خەندەقە

K24- مێردین

جاریكی دیكە لە ناوچەی نسیبینی سەر بە مێردین لە باكوری كوردستان قەدەغەی ھاتووچۆی راگەیاندرا.

لە راگەیاندراوێكدا قایمقمیەتی نسێبین رایگەیاندوە، كە بە ھۆی پڕكردنەوەی خەندەك و بەربەستەكانی ناو شارۆچكەكە قەدەغەی ھاتوچۆ راگەیاندراوە.

لە راگەیاندراوەكەی قایمقامیەتی نسێبین دا ھاتووە:" كە قەدەغەكردنی ھاتوچۆ كە بە مەبەستی پڕكردنەوە و ھەڵگرتنی بەربەستەكانە، لە ھەرچوار گەڕەكی عەبدولقدرپاشا، فڕات، دجلە، یەنشەھیر، نسێبین بۆ پاراستنی سەروماڵی ھاووڵاتیانە.

ھەر لە چوارچێوەی قەدەغەكردنی ھاتوچۆ لە شاروشارۆچكەكانی باكوری كوردستان لە ھەرسێ ناوچەی سور، حازرۆ، لجێ، لە سنوری دیاربەكر قەدەغەكردنی ھاتوچۆ بەردەوامە و بڕیارە ئەمڕۆش لە بەرامبەر ئەوەدا لە مەیدانی ئیستاسیۆنا لە دیاربەكر ھاووڵاتیان خۆپێشاندان بكەن.

لە دوای ئەو ئاڵۆزیانەی كە بە ھۆی شەڕ لە نێوان پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) و ھێزە ئەمنی و سەربازییەكانی توركیا ھاتۆتە ئاراوە، لەم ماوەیەدا چەندین جار لە شاروشارۆچكەكانی باكوری كوردستان قەدەغەكردنی ھاتوچۆ راگەیاندراوە.