ئەمریكا ھێزی سەربازیی زیاتر رەوانەی عێراق دەكات

وەزیری بەرگریی ئەمریكا رایگەیاند کە وڵاتەکەی ھێزی زەمینیی زیاتر رەوانەی عێراق دەكات بۆ بەشداریکردن لە شەڕی دژی داعش

K24

وەزیری بەرگریی ئەمریكا رایگەیاند کە وڵاتەکەی ھێزی زەمینیی زیاتر رەوانەی عێراق دەكات بۆ بەشداریکردن لە شەڕی دژی داعش.

ئاشتۆن كارتەر، وەزیری بەرگریی ئەمریكا لە كۆنگرێسی  وڵاتەكەی راشیگەیاند: "بە ناردنی ئەو ھێزە شەڕكەرە ئەمریکا رۆڵی زیاتر دەبینێ لە شەڕی دژی داعش لە عێراق و سووریا".

ئاشتۆن كارتەر گوتیشی: "ئەو ھێزە تایبەتە دەتوانێ ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی بارمتە و كۆكردنەوەی زانیاری ھەواڵگریی ئەنجامبدات".

كارتەر ئاماژەی بەوەشداوە کە: ئەو ھێزە تایبەتەی کە وڵاتەکەی بڕیاری داوە بۆ شەڕی داعش رەوانەی بکات لە عێراق جێگیر دەكرێت و مەشق بە ھێزە ئەمنییەكانی ئەو وڵاتە دەکات و لە دۆخی دیکەشدا ئۆپەراسیۆنی یەكلایانە لە سووریا ئەنجام دەدات.

نزیكەی 3000 سەرباز و راوێژکاری سەربازیی ئەمریكیی لە عێراق ھەن و مەشق بە ھێزە ئەمنییەكانی عێراق دەکەن. لە ماوەی رابردوودا كۆمارییەكانی ئەمریکا داوایان كردبوو وڵاتەکەیان ھێزی زەمینی زیاتر رەوانەی عێراق بكات.

 

K24: ئاژانسەکان