بەرگریی ئەڵمانیا: كاروانێكی دیكەی چەكی میلان رەوانەی كوردستان دەكەین

"بەردەوام دەبین لە ناردنی ھاوكاریی سەبازیی بۆ هەرێمی کوردستان"

K24- ھەولێر

وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا رایگەیاند بۆ رووبەڕووبونەوەی چەكدارانی داعش وڵاتەكەی كاروانێكی دیكەی چەكی میلان رەوانەی ھەرێمی كوردستان دەكات.

ئورسولا ڤۆن، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا لە راگەیەندراوێکدا گوتی كە: وڵاتەكەی بەردەوام دەبێ لە ناردنی ھاوكاریی سەبازیی بۆ ھەرێمی كوردستان کە ئێستا لە گفتوگۆی بەردەوامدان بۆ رەوانەكردنی كاروانێكی دیكەی چەكی میلان بۆ ھێزی پێشمەرگە.

وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا ژمارەی ئەو چەكەی ئاشكرا نەكرد كە وڵاتەکەی بەنیازە بۆ ھەرێمی كوردستانی رەوانە بکات، بەڵام دڵنیایی دا کە بەردەوامدەبن لە ھاوكاریکردنی ھێزی پێشمەرگە.

ئورسولا ڤۆن ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە: "چەكی میلان بۆ پێشمەرگە زۆر گرنگە، ھێزی پێشمەرگە توانی شکست بە داعش بێنێ و لە سنووری خۆی دووری بكاتەوە".

ئەم لێدوانەی وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا لە کاتێکدایە بەپێی سەرچاوەیەکی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە بۆ (كوردستان 24) دوا: بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا بە سەردانێك بگاتە هەولێر.