سەرپەرشتیاری حەشدی شەعبیی هەڕەشە لە تورکیا دەکات

"تانکەکانی تورکیا لەسەر سەربازانیان تێکدەشکێنین"

K24

هادی عامریی، سەرپەرشتیاری میلیشیاکانی حەشدی شەعبیی شیعە لە عێراق لەبارەی جێگریکردنی هێزێکی سەربازیی تورکیا لە نزیکی مووسڵ رایگەیاند ئەگەر نەکشێنەوە تانکەکانیان لەسەر سەربازانیان تێکدەشکێنین.

هادی عامریی کە هاوکات ئەمنیداری گشتیی رێکخراوی بەدری شیعەیە لە عێراق لە ئاهەنگێک لە زانکۆی موستەنسرییە لە بەغدا، راشیگەیاند: "تورکەکان بە فڕۆکە و تانک و هێزی زەمینیی سنووری عێراقیان بەزاندووە و ئێمەش بێدەنگین، و تورکەکان فڕۆکە رووسییەکان بەردایەوە بە بیانووی ئەوەی بۆ 17 چرکە سنووری تورکیای بەزاندبوو".

سەرپەرشتیاری حەشدی شەعبیی گوتیشی: "ئایا تورکیا سەرواریی هەیە و عێراق نا؟". و عامریی پرسیارێکی ئاراستەی حکوومەتی عێراق کرد و گوتی: "چۆن رێگە بە خۆتان دەدەن بێدەنگیی بنوێنن، لە کاتێکدا هێزەکانی تورکیا هاتوونەتە نێو خاکی عێراقەوە".

عامریی هەروەها گوتی: "ئێمە بە تورکەکان دەڵێین ئێوە لە ئەمریکا بەهێزتر نین کە لە ژێر فشاردا دەرچوون و ئێوەش بەهەمان شێوە لە ژێر فشاردا دەردەچن و ئەگەر ئێوە چەند تانکێکتان هەیە، بزانن ئەگەر لە مووسڵ نەکشێنەوە لەسەرتان تێکدەشکێنرێن".

سەرپەرشتیاری حەشدی شەعبیی داواشی کرد: رێگە نەدرێ کەلوپەلی تورکیی بێتە نێو عێراقەوە و بوونی سەربازگەی ئەمریکی لە عێراق رەتکردەوە و هەڕەشەی بە ئامانجکردنیانی کرد و داوای ئەنجامدانی خۆپێشاندانی کرد بۆ پاڵپشتیکردن لە سەروەریی.

ئەم گوتانەی هادی عامریی لە کاتێکدایە پێنجشەممەی رابردوو هێزێکی سوپای تورکیا بە تانک و زریپۆشەوە لە شارۆچکەی باشیک لە نزیکی شاری مووسڵ جێگیرکران و هاتنی ئەم هێزە مشتومڕێکی زۆری لە عێراق ناوەتەوە.