وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا: نەخۆشخانە لە شنگال دروست دەکەین

K24- ھەولێر
فڕانك واڵتەر شتاینمایەر، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە بەغدا رایگەیاند کە هاوکار دەبن لە دابینکردنی خزمەتگوزاریی لە شارۆچکەی شنگال و چەند نەخۆشخانەیەک لە شارۆچکەکە دروست دەکەن.
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا کە ئەمڕۆ بە سەردانێک گەیشتە بەغدا و بڕیارە ئەمشەو بگاتە هەولێر لە کۆبوونەویەکدا لەگەڵ فوئاد مەعسوم، سەرۆک کۆماری عێراق و بەپێی راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی عێراق راشیگەیاندووە کە: وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا خۆشحاڵیی نیشاندا بە سەركەوتنەکانی عیراق لە شەڕی دژی داعش".
بەپێی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق: وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا بەردەوامبوونی وڵاتەکەی لە پشتیوانیکردنی عێراق دووپات کردەوە و گرنگیی سەركەوتنە سەربازییەکانی خستووەتەڕوو بەتایبەت سەركەوتنەكان لە شنگال.
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ئاماژەشی کرد کە: وڵاتەكەی بەنیازە ئاستی پشتیوانییەكانی لە بوارەكانی خزمەتگوزاریی و دروستکردنی چەند نەخۆشخانەیەک لە شنگال زیاتر بکات، بەمەبەستی هاندانی ئاوەدانكردنەوە و گەڕانەوەی خێزانە ئاوارەكان بۆ ناوچەكە.