مزگەوتێكی دێرینی شاری ئامەد سوتا

ماوەی 7 رۆژە لەو ناوچەیە ھاتووچۆ قەدەغە کراوە

لە ناوچەی سوور لە شاری ئامەدی باكووری كوردستان مزگەوتی فاتیح پاشا ئانگۆ كورشونلوی دێرینی شارەکە سوتا.

بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێرانی (كوردستان24) لە باكووری كوردستان لە ئەنجامی شەڕ و ئاڵۆزییەكان دوێنێ لە شارەکە مزگەوتێكی مێژوویی لە ناوچەی سووری ئامەد سوتا.

بەھۆی قەدەغەکردنی ھاتووچۆ لە ناوچەکە ھاوڵاتیان نەیانتوانیوە نزیكی شوێنی رووداوەکە بكەون و ئاگرەكە بكوژێنەوە بۆیە تا تیمی ئاگركوژێنەوە گەیشتنە شوێنی رووداوەكە، ئاگر پەرەی سەند و نەتوانرا كۆنتڕۆڵ بكرێت و لە ئەنجامدا مزگەوتەكە تەواو سوتا.

بەھۆی شەڕ وئاڵۆزییەكانی نێوان تەڤگەری گەنجانی دیموکرات و وڵاتپارێز و هێزە ئەمنییەکانی تورکیا لە باكووری كوردستان، ماوەی 7 رۆژە لە شەش گەڕەكی شاری ئامەد هاتووچۆ قەدەغە کراوە.

لە دوو رۆژی رابردووش پۆلیسێكی تورك لە نزیك ئەو مزگەوتە بە گوللـە كوژرا و پارێزگاری ئامەدیش ئاشكرای كرد كە ئەو پۆلیسە بە گوللـەی خۆپێشاندەران كوژراوە.

مزگەوتی فاتیح پاشا ئانگۆ كورشونلوی دێرینی ئامەد 500 ساڵ پێش سەرهەڵدانی دەوڵەتی عوسمانیی لە شارەکە دروستکراوە.

شەڕ و ئاڵۆزیی ماوەیەكە لە باكووری كوردستان بەردەوامە، جگە لە شەڕی سەرسنوورەكان ھەندێ گەنجی كورد لە ژێر ناوی تەڤگەری گەنجانی دیموكرات و وڵاتپارێز لە ناوشارەكان رووبەڕووی هێزە ئەمنییەكان دەبنەوە.

زۆرجار لە ناوشارەکانی باكووری كوردستان شەڕە تەقە لە نێوان پۆلیس و تەڤگەری گەنجان روودەدات، دوای ھەر رووداوێكیش ھێزە ئەمنییەكانی توركیا ھاتووچۆ لەو ناوچەکە قەدەغە دەکەن.