فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بناری قەندیل بۆردومان دەکەنەوە

فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا جارێكی دیكە چەندین گوندیان لە بناری قەندیل لە باشووری کوردستان بەسەختیی بۆردومان كردەوە.

K24- سۆران

فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا جارێكی دیكە چەندین گوندیان لە بناری قەندیل لە باشووری کوردستان بەسەختیی بۆردومان كردەوە.

پەیامنێری (كوردستان24) لە دەڤەری سۆران پێی راگەیاندین کە: "چەند فڕۆكەیەكی جەنگیی توركیا شەوی رابردوو بەسەختیی چەند گوندێكی بناری قەندیلیان بۆردومان كرد".

پەیامنێرمان لە سۆران گوتیشی: "ھەر یەك لە گوندەكانی بۆكریسكا، لێوژە، ئێندزە، بۆڵێ، زارگەڵی لە لایەن فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بۆردومان كراون".

لە بارەی زیانەكانی ئەو بۆردومانە پەیامنێرمان راشیگەیاند: "تا ئێستا نەزانراوە زیانی گیانی ھەبووە یان نا. بەڵام رۆژنامەنووسان لە چاوەڕوانی ئەوەدان ھێزەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لە بازگەی خۆیان رێگەیان پێبدەن بڕۆنە ناوچەكە و زانیاری لە بارەی بۆردومانەكەی شەوی رابردوو کۆبکەنەوە".

لە دوای دووبارەکردنەوەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی توركیا، شەڕ و پێکدادانی نێوان سوپای توركیا و پەكەكە لە باشوور و باکووری کوردستان چڕتربووتەوە.