دەستەی دەستپاكیی ئامارەكانی گەندەڵیی لە ھەرێمی كوردستان بڵاوەدەكاتەوە

” لە هەرێمی کوردستان 127 دۆسێی گەندەڵیی لە دادگا کراونەتەوە “

K24

سەرۆكی دەستەی دەستپاكیی ھەرێمی كوردستان ئامارەكانی گەندەڵی لە هەرێم ئاشکرا کرد و رایگەیاند لە ساڵی 2015 لە هەرێمی کوردستان 127 دۆسێی گەندەڵیی لە دادگا کراونەتەوە لەو ژمارە 67 خاوەن دۆسێ سزادراون.

ئەحمەد ئەنوەر، بەرپرسی دەستەی دەستپاكیی ھەرێمی كوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا راشیگەیاند: "لە پارێزگای ھەولێر 64 دۆسێی گەندەڵیی لە دادگا کراونەتەوە و لە کۆی ئەو دۆسێیانە 45 خاوەن دۆسێ سزادراون و 15 دیکەش لە لایەن دادگاوە داخراون".

ئەحمەد ئەنوەر گوتیشی: "لە پارێزگای سلێمانی 8 دۆسێی گەندەڵی كراونەتەوە و لەکۆی ئەو دۆسێیانە 22 خاوەن دۆسێ سزادراون و 3 دۆسێش داخراون و سێ دۆسێی دیکەش رەوانەی دادگای دیکە کراون".

بەرپرسی دەستەی دەستپاكیی ھەرێمی كوردستان ئاماژەشی کرد کە: "لە پارێزگای دھۆك 55 دۆسێ لە دادگا كراونەتەوە". گوتی: "عێراق و كوردستان گرفتاری گەندەڵین و سامانێكی زۆر ساڵانە بەھۆی گەندەڵییەوە بە ھەدەر دەڕوات".

بەپێی لیستی رێكخراوی شەفافییەتی نێودەوڵەتیی بۆ ساڵی 2015 عێراق سێیەم خراپترین وڵاتی جیھانە لە رووی بڵاوبونەوەی گەندەڵییەوە.