بە ڤیدیۆ.. حکوومەتی ھەرێمی کوردستان تاپۆ بۆ خانوو و موڵکی رواندزییەکان دەردەکات

” بە درێژایی مێژووی شارۆچکەکە بۆ یەکەم جارە ھاونیشتمانیان مافی خاوەندارێتی مۆڵک و خانووەکانیان بەدەسبێنن “
kurdistan24.net

K24- تەیفوور محەممەد                                  

حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاریدا تاپۆ بۆ خانوو و موڵکی ھاونیشتمانیانی شارۆچکەی رواندز دەربکات، بەمەش بە درێژایی مێژووی شارۆچکەکە بۆ یەکەم جارە ھاونیشتمانیان مافی خاوەندارێتی مۆڵک و خانووەکانیان بەدەسبێنن.

تاپۆکردنی خانوو و مۆڵکەکانی شارۆچکەی رواندز بە ناوی ھاونیشتمانیان بە شێوەیەکی یاسایی و بە بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت، بەھۆی نەبوونی مافی خاوەندارێتی مۆڵک و تاپۆ ھاونیشتمانیانی رواندز رۆژانە رووبەڕووی گرفتی یاسایی دەبوونەوە.

عیسا محەممەد، سەرۆکی شارەوانیی رواندز پێیوایە: بڕیارەکە سودێکی زۆر بە ئاوەدانیی و دانیشتوانی شارەکە دەگەیێنێت، بەڵام پێویستی بەپێداچوونەوە و فراوانترکردن ھەیە.

رێژەی دانیشتوانی رواندز بەشارەدێی وەرتێوە کە نزیکەی (٧٠) گوند لەخۆدەگرێت نزیکەی 35000 کەسە، و نزیکەی 23000 یان لە سەنتەری شارۆچکەکە نیشتەجێن و لە بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ تاپۆکردنی خانوو و زەویەکانیان سوودمەند دەبن.