ئەنجێڵا مێركڵ وەك كەسایەتی ساڵی 2015 هەڵبژێدرا

خەلیفەکەی داعشیش دووەم کەسایەتی ساڵی 2015 یە

K24

گۆڤاری تایمی ئەمریكیی ئەنجێلا مێركڵ، راوێژكاری ئەڵمانیای وەک كەسایەتی ساڵی 2015 هەڵبژارد.

بەپێی گۆڤاری تایم هۆکاری ھەڵبژاردنی مێركڵی تەمەن 61 ساڵ وەک کەسایەتی ساڵی 2015، ئەو نەرمییەیە کە مێرکڵ لە پرسی پەنابەرانی سووریا و مانگرتنەكانی نێو یەكێتیی ئەوروپا نواندیی.

نانسی چیپس، بەڕێوەبەری نووسینی گۆڤاری تایم لەبارەی ھۆیەكانی دەستینیشانكردنی راوێژكاری ئەڵمانیا وەك كەسایەتی ساڵی 2015، گوتی: ئەو كەسایەتییە رۆڵی سەرەكیی هەبوو لە مانەوەی ئەوروپا بە یەكگرتوویی و مێرکڵ لەو پرسە یاریزانی سەرەكیی بوو.

چیپس زیاتر باسی مێركڵ دەكات و دەڵێ: ئەم ژنە نموونەی راستەقینەیە بۆ سەركردەی رەوشت بەرز لە جیھانی بەھاكانی ژیان، بۆیە گۆڤاری تایم ئەوی وەك كاسایەتی ساڵی 2015 ھەڵبژارد.

لە یەكەمین رەنگدانەوەدا سەبارەت بەم ھەڵبژاردنە، ستیڤان سیبێرت، گوتەبێژی حكوومەتی ئەڵمانیا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "من دڵنیام كە ئەم ھەڵبژاردنە دەبێتە ھاندەرێكی دی بۆ مێركڵ بۆ ئەوەی بەردەوامبێ لەسەر كارە نموونییەكانی".

هاوکات لەگەڵ هەڵبژاردنی مێركڵ وەک کەسایەتی یەکەمی ساڵی 2015، گۆڤاری تایم ئەبو بەکر بەغدادی، خەلیفەی رێکخراوی داعشی وەک کەسایەتی دووەمی ساڵی 2015 هەڵبژاردووە و دۆناڵد ترەمپ، کاندیدی کۆمارییەکانی ئەمریکا بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا وەک کەسایەتیی سێیەمی ساڵی 2015 هەڵبژاردووە.

پێوەری هەڵبژاردنی کەسایەتییەکانی ساڵ لە لایەن گۆڤاری تایمەوە تەنیا کاریگەریی کەسایەتییەکان و رۆڵیانە لە جیهان بەبێ رچاوکردنی ئەوەی ئەو کاریگەرییە و رۆڵە ئەرێنی بن یان نەرێنیی.