بە ڤیدیۆ.. بارزانیی: ئێمە و تورکیا هەمیشە پێویستمان بە یەکدی هەیە

"گۆڕانکاریی گەورە لە تورکیا بەرمابەر کورد سەریهەڵداوە"
kurdistan24.net

K24

مەسعوود بارزانیی، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند ئێمە و تورکیا هەمیشە پێویستمان بە یەکدی هەیە و ھەموو وڵاتانی دیكەش كە بەشدارن لە شەڕی دژی داعش بە دۆستی خۆمان دەزانین.

سەرۆكی ھەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی سەردانەکەی بۆ تورکیا و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە، ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە ئەنقەرە راشیگەیاند: "ئێمە و تورکیا هەمیشە پێویستمان بە یەکدی هەیە و ھەموو وڵاتانی دیكەش كە بەشدارن لە شەڕی دژی داعش بە دۆستی خۆمان دەزانین و لە کۆبوونەوەکانی نێوانمان جەختمان لەسەر هاوکاریی یەکدیی کردەوە".

بارزانیی گوتیشی: بۆ ھەر كارێك توركیا ئامادەیە بۆ ھاوكاریی و لەم سەردانە یەكەمجار بوو ئاڵای كوردستان لە كۆبوونەوەكان لەگەڵ توركیا بە فەرمیی دابنرێت".

سەبارەت بە کێشەکانی نێوان بەغدا و ئەنقەرە، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان گوتی: "ئێمە لایەنگرنین لەو كێشەیە و پێش سەردانم بۆ توركیا لەگەڵ سەرۆك وەزیران و وەزیری بەرگریی بەغدا بە تەلەفۆن قسەم كرد و ئەمڕۆش وەفدێكی گرنگی توركیا لە بەغدایە و ھیواخوازین كێشەكان چارەسەر بكرێن، ئامادەنین خاكی كوردستان ببێتە جێگەی تەسفیەكردنی حیسابات".

لە بارەی پڕۆسەی ئاشتیی لە توركیا بارزانیی گوتیشی: "ھیوادارین پڕۆسەی ئاشتیی بەردەوام بێت". لە بارەی گۆڕانكاریی لە سیاسەتی توركیا و دۆخی دۆزی كورد لە باکووری کوردستان، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان ئاماژەی کرد کە: لە ساڵانی شەستەكانی سەدەی رابردوو بارزانیی نەمر نامەیەكی بۆ نەتەوە یەكگرتتوەكان نووسیی و نامەكەی بۆ توركیاش نارد، بەڵام سەرۆكی ئەوكاتی توركیا وەڵامی نەدایەوە، بەڵام ئێستا لەو كۆشكە لە پێشوازیماندابوون ئەمەش لای من گۆرانكارییەكی گەورەیە.