به‌رهه‌ڵستكارانى سووريا له‌سه‌ر پێكهێنانى كيانێك رێككه‌وتن

له‌سه‌ر پێكهێنانى كيانێك بۆ لايه‌نه‌ نه‌ياره‌كان و ئاماده‌كارى بۆ ئه‌نجامدانى دانووستانى ئاشتيى له‌گه‌ڵ حكومه‌تى به‌شار ئه‌سه‌د.

K24 – رياز‌:

ئه‌ندامى ئيئتيلافى نيشتيمانى سووريا بۆ هێزه‌ به‌رهه‌ڵستكاره‌كان، مونزر ئاقبيق، رايگه‌ياند، لايه‌نه‌ به‌شداربووه‌كانى كۆبوونه‌وه‌ى رياز، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ رێككه‌وتن له‌سه‌ر پێكهێنانى كيانێك بۆ لايه‌نه‌ نه‌ياره‌كان و ئاماده‌كارى بۆ ئه‌نجامدانى دانووستانى ئاشتيى له‌گه‌ڵ حكومه‌تى به‌شار ئه‌سه‌د.

ئاقبيق، گوتيشى: "نزيكه‌ى 25 نوێنه‌ر و ئه‌ندامى لايه‌نه‌كان، له‌وانه‌ 6يان سه‌ر به‌ هێزه‌ نه‌ياره‌كانى ناوخۆن و 6ى ديكه‌يان سه‌ر به‌ ئيئتيلافى نيشتمانى و له‌ ده‌ره‌وه‌ى سووريان و 6 ئه‌ندامى ديكه‌يان سه‌ر به‌ رێكخراوه‌ چه‌كدارييه‌كانن و پێنجيشيان سه‌ر به‌و لايه‌نه‌ به‌رهه‌ڵستكارانه‌ن كه‌ له‌ شام جێگيربوون و 8يشيان كه‌سايه‌تى سه‌ربه‌خۆن له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ به‌شدارييان كردووه‌".

روونيشيكرده‌وه‌، ئه‌و كيانه‌ سياسييه‌ نوێيه‌ى پێكده‌هێنرێت، ده‌بێته‌ بڕيارده‌ر له‌ باره‌ى چاره‌سه‌رى ئاشتييانه‌ى پرسى سوورياوه‌.

هه‌روه‌ها گوتيشى: "شاندێكى دانووستانكار كه‌ له‌ 15 ئه‌ندام پێكده‌هێنرێت، هه‌ڵده‌بژێردرێن بۆ ئه‌وه‌ى ئاماده‌كارى بۆ دانووستان بكه‌ن".