سه‌رۆكى هه‌رێم بۆ يه‌كه‌مجار ناوه‌ڕۆكى نامه‌يه‌كى مسته‌فا بارزانى ئاشكرا ده‌كات
K24 – ئه‌نقه‌ره:
سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان مه‌سعوود بارزانى، له ميانى كۆنگره‌يه‌كى رۆژنامه‌وانييدا، كه له ئه‌نقه‌ره سازيكرد، به‌سه‌رهاتى نامه‌يه‌كى رابه‌رى جووڵانه‌وه‌ى رزگاريخوازى كورد مسته‌فا بارزانى گێڕايه‌وه.
سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، سه‌باره‌ت به گۆڕ‌انى سايكۆلۆژياى سياسيى له لاى ده‌سه‌ڵاتدارانى توركيا، نموونه‌يه‌كى باسكرد و تێيدا گوتى: "له باره‌ى ئه‌و تاوانانه‌ى به‌رامبه‌ر به كورد ده‌كران، له شه‌سته‌كاندا جه‌نابى بارزانى (مسته‌فا بارزانى)، نامه‌يه‌كى ئاراسته‌ى سكرتێرى گشتيى رێكخراوى نه‌ته‌وه‌يه‌كگرتووه‌كان كرد و له نامه‌كه‌دا باسى له سووتاندن و وێرانكردنى گونده‌كانى كوردستان و كوشتنى منداڵ و ژنانى كورد كردبوو".
هه‌روه‌ها گوتى: "بارزانى، وێنه‌يه‌كى ئه‌و نامه‌يه‌ى بۆ سه‌رۆكى وڵاتانى ناوچه‌كه نارد و وێنه‌يه‌كيشى ئاراسته‌ى سه‌رۆكى ئه‌و كاتى توركيا جه‌وده‌ت سۆنانى كرد، هه‌مووان نامه‌كه‌يان وه‌رگرت، به‌ڵام سۆناى نامه‌كه‌ى به هه‌مان ئه‌درێسدا ناردبوويه‌وه و وه‌رى نه‌گرتبوو".
بارزانى ئاماژه‌شى بۆ ئه‌و گۆڕانكارييه ريشه‌ييه كرد كه به‌سه‌ر سياسه‌تى توركيادا هاتووه و گوتى: "ئێستا له هه‌مان ئه‌و كۆشكه‌دا، ئاڵاى كوردستان هه‌ڵده‌كرێت و پێشوازى له ئێمه ده‌كرێت، ئه‌وه گۆڕانێكى گرنگه له سايكۆلۆژياى سياسى".