شارۆچکەی چۆمان داوای كارەبا لە ئێران دەكات

"بە فەرمیی داوامان لە ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستان كردووە"

عەبدولواحید گوانیی، قایمقامی شارۆچکەی چۆمان رایگەیاند بە نووسراو بە رێگەی پارێزگای ھەولێر داوامان كردووە ھێڵی كارەبای شارۆچکەی چۆمان لە ئێرانەوە رابکێشین.

عەبدولواحید گوانیی بە (كوردستان24)ی راگەیاند: "بە نووسراوی فەرمیی بە رێگەی پارێزگای ھەولێر داوامان لە سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستان كردووە رەزامەندیی بدەن هێڵی كارەبا لە ئێرانەوە بۆ چۆمان رابکێشین".

قایمقامی چۆمان گوتیشی: "تا ئێستا وەڵامی ئەو داواكارییەمان نەدراوەتەوە و بڕیارێكی لەم جۆرە پێویستی بە گفتوگۆیە، بەڵام گەر ئەوە بكرێت ھەم چۆمان كێشەی كارەبای نامێنێ ھەمیش ئەو كارەبایەی ئێستا دەدرێت بە چۆمان دەدرێت بە ناوچەیەكی دیكە و لۆد لەسەر ھێڵی كارەبای ناوچەكە كەمدەبێتەوە".

عەبدولواحید گوانیی ئاماژەشی کرد کە: "پێشتر ئەو بیرۆكەمان ھەبوو، بەڵام كاتێك ھێڵی كارەبای نیشتمانیی گەیەنرایە ناوچەكە ئەو بیرۆكەیەمان راگرت، ئێستاش كە دەبینین كارەبا رۆژ بە رۆژ خراپتر دەبێت جارێكی دیكە بیرمان لەوە كردەوە بیرۆكەكە نوێ بكەینەوە و ئەگەر رەزامەندیی بدرێت جارێكی دیكە لەگەڵ ئێران گفتوگۆ دەكەینەوە".

چۆمان كەوتووتە ناوچەی باڵەكایەتیی و لە ساڵی 1970 كراوە بە شارۆچکە و نزیکەی 180 کم لە باكووری پارێزگای ھەولێرەوە دوورە و نزیکەی 25 کم لە سنووری ئێرانەوە دوورە.